ئەندامێکی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ڕێژیم: پەسند نەکردنی گەڵاڵەی ئێف.ئای.تی،ئێف، دەبێتە لەمپەر لە بەردەم پێوەندیی بانکەکانی ئێران لەگەڵ جیهان.
ڕۆژی یەکشەممە ٨ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی، “محەممەد سەدر”، ئەندامی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ڕێژیم لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی “بۆرنا” وتی:” کە پەسند نەکردنی گەڵاڵەی ئێف.ئای.تی.ئێف، دەبێتە لەمپەر لە بەردەم پێوەندیی نێوان بانکەکانی ئێران لەگەڵ جیهان و تێچووە سەرەتاییەکان چەند هێندە بەرز دەبێتەوە”.
ناوبراو وتی: پەسند نەکردنی ئەو گەڵاڵەیە دەبێتە هۆی ئەوەیکە لە بواری نێو نەتەوەیی تەریک بکەوینەوە و تووشی کێشەی جیددی بانکی بینەوە و بانکەکانی ئێمە نەتوانن لەگەڵ بانکەکانی دەرەوە پێوەندییان هەبێ و هەرەها تێچووە سەرەتاییەکانیش چەند هێندە بەرز ببنەوە.
“سەدر” مەجلیسی ئێستا و کردەوەکانی باڵەکانی نێو دەسەڵات و لێڕوانینی ئەمنییەتیی لە وڵاتدا بە تاوانبار دەزانێ و وتی:”من ئەگەر بەرپرس بووایەم ئەو ڕوانگە ئەمنییەتییەم دەکردە ڕوانگەیەکی فەرهەنگی و بە ڕوانگەیەکی ئەرێنی بۆ خەڵکی وڵات و داواکاریی ماددی و مەعنەوی ئەوان، ئارامیی، ئاسایش و کەرامەتیی مرۆڤییانە دەمڕوانی.
ئەو ڕەخنانە لە پەسند نەکردنی گەڵاڵەی ئێف.ئای.تی،ئێف، لە کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ڕێژیم لە کاتێکدایە کە پێشتر “مێهدی عەسکەری” نوێنەری مەجلیسی ڕێژیم وتبووی کە پەسندکردنی ئەو گەڵاڵەیە دەبێتە هۆی دەستپێڕاگەیشتنی وڵاتانی ڕۆژاوا بە زانیارییەکانی ئابووریی وڵات و ڕێگەی دەورلێدانەوەی گەمارۆکان دادەخا.
هەر لەو پێوەندییەدا “مەحموود وازعی” بەڕێوەبەری دەفتەری حەسەن ڕووحانی ڕەخنەی لە کۆڕی یاسادانانی مەجلیس گرتبوو کە ئەوەندە دەستاودەست بەو گەڵاڵەیە دەکەن تا لە دوای هەڵبژاردنەکان و دەوڵەتی داهاتوودا پەسند بکرێ.