دوو هاووڵاتی عەرەب خەڵکی شاری شووش دوای تێکهەڵچوون لەگەڵ هێزەکانی سپای پاسداران، بە تەقەی ڕاستەوخۆی چەکدارەکانی ڕێژیم بریندار و دوای گواستنەوەیان بۆ نەخۆشخانە بەهۆی قورسی برینەکەیانەوە گیانیان لەدەستدا.
هەواڵدەریی هرانا، ڕۆژی یەکشەممە ٨ی خاکەلێوەی١٤٠٠ی هەتاوی، لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە ئەم دوو هاووڵاتییە کە ڕۆژی هەینی بە ماتۆر لە شەقامێکەوە کە دادگای ئینقلاب، حوزەی عێلمییە و پایگای بەسیجی سپای پاسداران لەو شەقامە هەڵکەوتووە تێپەر دەبوون کە لە ناکاو لەلایەن هێزەکانی سپاوە درانە بەر دەسڕێژی گوللە و لە ئاکامدا ئیبراهیم عەتشانی لاقی و زگی بریندار دەبێ و مستەفا حەرگانی شانی بریندار دەبێ و دوای گواستنەوەیان بۆ نەخۆشخانە ئیبراهیم عەتشانی بەهۆی قورسی برینەکەیە ڕۆژی شەممە گیانی لە دەستدەدا.
هەروەها مستەفا حەرگانی، ڕۆژی یەکشەممە بەهۆی قورسی برینەکەیەوە لە نەخۆشخانەی ئەو شارە گیان لە دەستدەدا.
هەرلەم پێوەندییەدا هێزە چەکدارەکانی سپا ڕایانگەیاندوە کە ئەم دوو کەسە هێرشیان کردوەتە سەر دادگا بۆیە بریندار ودواتر دەسبەسەر کراون، بەڵام بنەماڵەی ناوبراوان ئەو هەواڵەی سپای پاسداران ڕەت دەکەنەوە.