باڵوێزی بریتانیا لە وڵاتی عەرەبستان وتی: ئێمە ئاگادارین کە میلیشیا تێرۆریستە حووسییەکانی یەمەن بە چەکوچۆلی ڕێژیمی ئێران هێرش دەکەنە سەر خاکی عەرەبستان.
نیل کرۆمپتۆن، باڵوێزی بریتانیا لە عەرەبستان، ڕۆژی یەکشەممە ٨ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە وتوێژێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی عکاز وتی: ئێمە پشتیوانی لە وڵاتی عەرەبستان بۆ بەرگریی لە خۆی لە هەمبەر هێرشە مووشەکییەکانی میلیشیا تێرۆریستە حووسییەکانی یەمەن کە سەر بە ڕێژیمی ئێرانن دەکەین و جەختی لەسەر ئەوەکردەوە کە هێرشی میلیشیا حووسییەکانی یەمەن بۆ سەر دامەزراوە نەوتیەکانی عەربستان زۆر مەترسیدارە.
ناوبراو هەروەها لە درێژەدا وتی: ئێمە دەزانین کە ڕێژیمی ئێران چەکوچۆڵ بۆ هێرش کردنە سەر خاکی عەرەبستان دەدا بە میلیشیا تێرۆریستە حووسییەکان.
باڵوێزی بریتانیا بە گرینگ ناوهێنانی گەڵاڵەی ئاشتیی عەرەبستان وتی: ئەم دەسپێشخەرییە سیاسییە کە بە پێشنیاری ڕیاز بۆ کردنەوەی فڕۆکەخانەی سەنعا و کەنارئاوەکانی ئەلحەدیدە هاتۆتە ئاراوە، ئاماژەیە بۆ مرۆڤدۆستی و خواستی ئاشتی وڵاتی عەرەبستان لە ناوچەکەدا و بە تایبەتی لە وڵاتی یەمەن.
نیل کرۆمپتۆن، داوای لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی کرد کە بە گوشار خستنەسەر میلیشیا تێرۆریستە حووسییەکان، بیانهێننە سەر ئەو باوەڕەی کە دەبێ بەشدار بن لە گەڵاڵەی ئاشتی و سەقامگیری لە وڵاتی یەمەندا.
ناوبراو بە ئاماژە بە پێوەندیی بە هێز و مێژوویی نێوان بریتانیا و عەرەبستان وتی: ئێمە بە هەموو هێزمانەوە پشتیوانی لە عەرەبستان لە هەمبەر هێرشی میلیشیا تێرۆریستە حووسییەکانی یەمەن کە سەر بە ڕێژیمی ئێرانن دەکەین.