ڕێزلێنان بۆ بنەماڵەی شەهیدان
بنەماڵە سەربەرزەکانی شەهیدانی کوردستان!
هەرکام لە ئێوە بنەماڵەکانی شەهیدان لە پێناو ڕزگاریی نەتەوەکەتان و بەرەوپێشچوونی خەباتی نەتەوەیی و ئازادیخوازیی حیزبی دێموکراتی کوردستان و لایەنەکانی دیکە دا، ئەندامێک و هێندێکتان زیاتر لە ئەندامێکی خۆشەویست و بەنرخی بنەماڵەکەتان لە دەست داوە.
ڕێگەمان بدەن، لە ئاست گەورەیی و بەخشەندەییتان و وەک ڕێزگرتن لەو هەمووە بێبەشی و ڕەنج و کەسەر و کوێرەوەرییەی لە پێناوی سەربەرزیی نەتەوەکەتان و بەرەوامیی خەباتی مافخوازانەی بزووتنەوەی خەڵکی کوردستاندا لە خۆتان گرتووە، بەرانبەر ئێوە و گیانی پاکی شەهیدەکانتان سەری ڕێز دانەوێنین. ئەوەندەی پێوەندیی بە حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە هەیە، لەوە بەداخین کە بەهۆی هەلومەرجی سەختی خەبات و بارودۆخی تایبەتیی تێکۆشان نەیتوانیوە بەو شێوەیەی شیاوی ئێوەیە، ئاوڕتان لێ بداتەوە و پێتان ڕابگات. بەڵام هەست بە سەربەرزی دەکەین کە هەم ئێمە، سەرەڕای هەموو سەختییەکان، بەو پەیمانە وەفادارین کە بە شەهیدەکانمان داوە و لە سەر خەبات تا وەدیهاتنی ئامانجی هاوڕێ و هاوسەنگەرە شەهیدەکانمان بەردەوامین. هەم ئێوە، لە بەرزڕاگرتنی ناوی شەهیدەکانتان و وەفاداری بە ڕێباز و ئامانجەکانیان غافڵ نین.
دڵنیاتان دەکەینەوە کە لە داهاتوویەکی نە زۆر دووردا، فیداکاریی خۆشەویستان و ڕۆڵەکانی ئێوە و هەموو شەهیدانی ڕێگای ئازادی، بەرهەم دەدا و ڕێژیمی زۆردار و خوێنڕێژی کۆماری ئیسلامی، بەرەو ڕووی هەر ئەو چارەنووسە دەبێتەوە کە ڕێژیمە دیکتاتۆرەکانی ناوچە یەک بەدوای یەکدا تووشی دەبن. ئەو کات لە سەر گڵکۆی شەهیدەکان و لە گۆڕەپانی سەرەکیی هەموو شارەکاندا، گەلەکەتان میداڵی شانازی لە بەرۆکی ئێوە بنەماڵە سەربەرزەکانی کوردستان دەدا. بە هیوای ئەو ڕۆژە.
سڵاو لە سەرکۆماری شەهیدمان، سەرقافڵەی شەهیدان، پێشەوا قازی محەممەد وسەرجەم شەهیدانی کورد و کوردستان.
دەفتەری سیاسی
حیزبی دێموکراتی کوردستان
١٠ی خاکەلێوەی۱٤۰۰