هاوپەیمانی عەرەبی کە پشتیوانی لە دەوڵەتی یاسایی یەمەن دەکا ڕایگەیاند کە، دوو پاپۆڕی بۆمبڕێژکراوی سەر بە میلیشیا حووسییەکانی یەمەن لە نزیک کەناراوەکانی “ئەلحەدیدە” تەقێندرانەوە.
هاوپەیمانی عەرەبی سەر لە بەیانی ڕۆژی یەکشەممە ٨ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە بەیاننامەیەکدا بەجەختکردنەوە لەسەر ئەوەیکە میلیشیا حووسییەکانی یەمەن بە کەڵک وەرگرتن لە ڕێککەوتننامەی “ستۆکهۆڵم” دەیانهەوێت سەرپۆش لەسەر کردەوە تیرۆریستییەکانیان دابنێن، ڕایگەیاند کە، ئەو گرووپە چەکدارە هەڕەشە لە ڕێگاکانی هاتوچۆی دەریایی و بازرگانی دەکەن و کردەوەی تێرۆریستی ئەنجام دەدەن.
ئەوە لە حاڵێکدایە کە، “تێم لێندێر کینگ” نوێنەری تایبەتیی ئەمریکا لە کاروباری یەمەن، بەمەبەستی هەوڵدان بۆ کۆتاییهێنان بە قەیران، سەفەری خۆی بۆ وڵاتانی عەرەبیی ناوچەی ڕؤژهەڵاتی ناوەڕاست دەست پێکردووە و ئەوە سێهەمین جارە کە ناوبراو بۆ وڵاتانی عەرەبی سەفەر دەکات تا وەکوو نوێنەری ئەمریکا لە کاروباری یەمەن بە ئامانجی جێبەجێ کردنی ئاگربەست لەو وڵاتە وتووێژی ئاشتییانە بکرێ.