بەپێی ئاماری ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان، لە سالی ٩٩ی هەتاویدا ١٨٨ حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی مەریوان و سەوڵاوا ڕوویداوە.
بەپێی ئەو ئامارە، یەکەم حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە ڕۆژی ٨ی جۆزەردانی ١٣٩٩دا، لە ناوچەی “دەری”، سەر بە مەریوان ڕووی داوە.
لە سێ حاڵەتی دیکە لە ئاگرکەوتنەوەکانی ساڵی ڕابردوودا، ڕوون بووەتەوە کە زیاتر لە ١٥٠ هێکتار لە دارستانەکانی ناوچەی مەریوان تووشی خەسار بوونە و هەتا ڕێکەوتی ٣٠ی پووشپەڕی ١٣٩٩، زیاتر لە ٧٠ حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لە مەریواندا، ڕووی داوە.
بەپێی بەراوەردەکانی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان، ڕێژەی ئاگرکەوتنەوەی ڕۆژی ٢٨ و ٢٩ی گەلاوێژی ٩٩ی هەتاوی، لە دارستانەکانی کۆساڵان، زیاتر لە ١٤٥ هێکتار بووە.
تەواوی ئەو ئاگرکەوتنانە لە دارستانەکانی مەریوان و سەوڵاوا، لەلایەن ئەندامانی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان و هەروەها خەڵکی ژینگەدۆستی ناوچەکە کوژاوەتەوە.
چالاکانی ژینگە، ڕوودانی ئەم ئاگرکەوتنانە “بەئەنقەست” و بە کەمتەرخەمیی بەرپرسانی حکوومەتی دەزانن.
جێی ئاماژەیە کە هەموو ساڵێک لە سەرەتای وەرزی بەهار تا کۆتاییەکانی وەرزی پاییز، بە شێوەیەکی بەرچاو دارستان و لێڕەوارەکانی کوردستان، بەهۆی ئاگرکەوتنەوە دەسوتێن و بە هەزاران گیانلەبەر لە نێو دەچن و خەسارێکی زۆر بە ژینگەی ئەو ناوچانە دەگا و تا ئێستا بەرپرسانی ڕێژیم هیچ هەوڵێکیان بۆ کۆنتڕۆڵکردن و پێشگرتنی ئەو ئاگرکەوتنانەدا نەداوە.