بەرپرسی ناوەندی فەرماندەیی ئەرتەشی ئیسرائیل و بەرپرسی بەدواداچوون بۆ مەترسییە سەربازییەکانی ڕێژیمی ئێران، ڕایگەیاند کە ئەرتەشی ئیسرائیل بە تەنیایی دەتوانێ بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران لە نێو ببا.
لە ماوەی ڕابردوودا ژنراڵ “ئاڤیۆ کۆخاوی” بەرپرسی گشتیی ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە سێ دامەزراوەی باڵا لە ئەرتەشی ئیسرائیلدا بۆ ڕاگرتنی بەرنامەی ناوکیی ئێران، ڕێکخراون بۆ ئەوەیکە لە کاتی پێویستدا باشترین بژاردە جێبەجێ بکرێ.
ئەرتەشی ئیسرائیل دەڵێ: ئەگەر هەوڵەکانی نێونەتەوەیی نەتوانن پێش بە بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران بگرن، خۆمان هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی پێش بە بەرەو پێشبردنی بەرنامەی ناوکیی ئێران بگرین.
لە ڕاپۆرتێکدا کە لە ڕۆژنامەی (ئیسرائیل یوم)دا، بڵاو بۆوە “تەل کەلمەن” بەرپرسی باڵای ئیسرائیلی کە بۆ بەدواداچون و پێڕاگەیشتن بە پەروەندەی سەربازیی ڕێژیمی ئێران لەلایەن ئەرتەشی ئەو وڵاتەوە هەڵبژێردراوە وتی:” کە ساڵی ڕابردوو بۆ ئەرتەشی ئیسرائیل لە بواری خۆئامادە کردن بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی مەترسیی سەربازیی لەلایەن ئێرانەوە ساڵێکی پڕ لە دەسکەوت بووە و ئەو ساڵە پڕ لە دەسکەوتە بۆ ئیسرائیل لە دوای کوژرانی “قاسم سولەیمانی” لە عێراق، کە زەبرێکی بەژان بۆ ڕێژیمی ئێران بوو دەستی پێکرد، و ڕایگەیاند ئێمە ئەو تواناییەمان هەیە لە ئەگەری جێبەجێ نەکردنی بڕیارەکانی ئێران سەبارەت بە دەست پێراگەیشتن بە چەکی ناوکیی، بە تەنیا بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران لە ناو بەرین و لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد کە تا ئەوکاتەی کە ڕێژیمی سەرکوتکەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، دەیهەوێ دەسەڵاتی بە سەر ناوچەکەدا هەبێ و تا ئەوکاتەی ئەو ڕێژیمە بە تەواو لە ناو نەچێ مەترسییەکان ناڕەوێتەوە.