لە درێژەی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد، چوار هاووڵاتیی خەڵکی بانە دوای بەشداریکردنیان لە ڕێوڕەسمی نەورۆز لەلایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراون.
بەپێی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنج شەممە ٥ی خاکەلێوەی١٤٠٠هەتاوی، هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم لە شاری بانە هەڵیانکوتاوەتە سەر گوندی “یاکوباوا”ی سەربە ناوچەی حەوتەوانانی ئەو شارە و لانیکەم چوار کەسیان دەسبەسەر کردووە.
بەپێی زانیارییەکان دوو کەس لە دەسبەسەرکراوان بە ناوەکانی “ڕێبوار قادری” و “بێهرووز قادری” کە هەردووکیان ئامۆزان، ئاشکرا کراوە بەڵام، ئەو دوو کەسەی دیکە تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانیان لەبەر دەستدا نییە کە بەهۆی بەشداریی کردنیان لە ڕێوڕەسمی نەورۆزدا دەسبەسەر کراون.
شایانی باسە کە، هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا زیاتر لە ١٠ هاووڵاتیی دیکەیان لە شارەکانی سنە، مەریوان و شنۆ بە تۆمەتی بەشداربوون لە ڕێوڕەسمی نەورۆز دەسبەسەر کردووە کە تا ئێستا یەک کەسیان ئازاد کراوە و ئەوانی دیکە چارەنووسیان ناڕوونە.