١٤٠٠کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی، هونەرمەندان و وەرزشوانان، لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات بەیاننامەیەکیان لەژێر ناوی” نا بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران” واژۆ کرد.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئەلعەرەبییە، لەم بەیاننامە هاوبەشەدا کە پێشتر ٦٤٠کەس لە چالاکانی سیاسی، فەرهەنگی، هونەری و وەرزشی واژۆیان لەسەرکرد بوو هاتووەکە :دەنگی” نا بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران” لە هەموو شارەکانی ئێران بەرز بۆتەوە و ئەمە دەنگی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێرانە کە هەموویان یەکدەنگ و لێبڕاوانە هاتوون کە ڕێژیمی کۆماری ئێسلامی، ئەو ڕێژیمەی کە هۆکاری سەرەکییە بۆ نەگەیشتن بە ئازادیی، دێموکراسیی و ئاسایش ، لەسەر تەختی دەسەڵات بێننە خوارەوە و ئەو ڕێژیمە بە تەواویی لە ناو ببەن.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لە ئێستادا ٧٧٠کەسی دیکە لە چالاکانی دیکە وەکوو ” هونەرمەندان، نووسەران و وەرزشوانان” بۆ پشتیوانی لە کەمپەینی ” نا بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران” نووسیوویانە وەرن هەموومان پێکەوە بە “نا”یەکی گەورە بە کۆماری ئیسلامی، خاکی ئێران بۆ هەمیشە لە نەهامەتی و بەدبەختیی ئەو ڕێژیمە دز و گەندەڵە بسڕێنەوە.
شایانی باسە کە چەند حەوتوویە بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێراندا بە بڵاوکردنەوەی وێنە و ویدیۆ و نووسینی دروشمی” نا بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران” دژایەتیی خۆیان بۆ ڕێژیمی ئێران دەردەبڕن.