وەزیرانی دەرەوەی هەردوو وڵاتی چین و ئێران ڕێککەوتنێکی ٢٥ ساڵەیان واژۆ کرد و لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاند کە ئەم ڕێککەوتنە بۆ هەر دوو وڵات دەبێتە مایەی بختەوەری.
ڕۆژی شەممە ٧ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی، “محەممەد جواد زەریف و یانگ یی” وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئێران و چین، دوای واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی ٢٥ ساڵە لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا بێ ئەوەیکە ئاماژە بە نێوەڕۆکی ڕێککەوتنەکە بکەن ڕایانگەیاند کە ئەم ڕێککەوتنە دەبێتە مایەی بختەوری بۆ هەر دوو وڵات.
بەپێی ئەم بەیاننامەیە ڕێککەوتنی هاوکاریی ٢٥ ساڵە لە بواری جۆراوجۆری وەکوو ئابووری و فەرهەنگیی پەرە بە هاوکاری نیوان دوو وڵات دەدا و ئەم ڕێککەوتنە دەبێتە هۆی بەرەوپێشچوونی کاری هاوبەشی ئێران و چین.
هەروەها لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووەکە ئەم ڕێککەوتنە دەبێتە هۆکارێک بۆ بختەوەری هەر دوو وڵات، ئەوە لە حاڵێکدایە کە یەکێک لە ئامانجەکانی ڕێژیم لە واژۆکردنی ئەم ڕێککەوتنە ئەوەیە کە هاوشێوەی وڵاتی چین، بواری ئینتێرنێت بەتەواوەتی لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە کۆنترۆل بکرێ.
جێی ئاماژەیە کە لە نێوەڕۆکی ئەو ڕێککەوتنە ٢٥ ساڵەیە بە شێوەی فەرمیی هیچ جۆرە زانیاییەک بڵاو نەکراوەتەوە، بەڵام ڕەخنەگرانی نێوخۆ و دژبەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە شوبهاندی ئەم ڕیککەوتنە بە رێککەوتنی “تورکمەن چای”، کە لەو ڕێککەوتنەدا بەشێکی زۆر لە خاکی ئێران لە قەفقاز درا بە ڕووسیە، زۆر بە توندی ڕەخنەیان لە ڕێککەوتنی نێوان چین و ئێران گرتووە و دەڵێن: بەرپرسانی ئیران، ئێرانیان بە چین فرۆشتووە.