تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک، لاپەڕەی ئینگلیسی زمانی ئێران” پرێس تیڤی” بۆ دەرەوەی سنوورەکانی خۆی بۆ هەتا هەتایە داخست.
تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک ڕۆژی شەممە ٧ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی، بێ هیچ جۆرە ئاگادارکردنەوەیەکی پێشتر، لاپەڕەی ” پرێس تیڤی” داخست و ڕایگەیاند کە ئەم کاناڵی هەواڵە ئینگلیسی زمانە، یاساکانی تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووکی پێشێلکردوە و هەروەها فیسبووک ڕایگەیاند کە ئێمە پێشتر ئەم بڕیارەمان داوە و لە بڕیاری خۆمان پاشەگەز نابینەوە.
پێشتریش تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک، چەند جارێک بە شێوەی کاتی لاپەڕەی فەیسبووکی پرێس تیڤی داخستبوو کە ئاخرین جار زستانی ڕابردوو بووە.
پێویستە بگوترێ کە پێشتر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی یوتیوب، تویتێر، ئینیستاگرام و گوگڵ چەندین جار لاپەڕەی کاناڵی هەواڵی “پرێس تیڤی”یان داخستووە.
شایانی باسەکە پرێس تیڤی، پێشینەی بڵاوکردنەوەی دانپێدانانی زۆرەملێی هێندێک لە بەندکراوانی سیاسی و ئایینیی هەیە و لە ساڵی ٢٠١٢ی زایینی، ڕێکخراوی چاوەدێری ڕاگەیاندنەکانی بریتانیا “ئافکام” بڕیاری داخستنی کاناڵی پرێس تیڤی کە لە مانگی دەسکردی “ئێسکای” بڵاو دەبووەوەی دابوو.