له سێمینارێکدا له زانکۆی کۆیه که به بۆنه‌ی یادی ٧٠ ساڵه‌ی کۆماری کوردستان گیرا، باس له چه‌ند ڕه‌هه‌ندێکی مێژوویی‌و سیاسیی کۆماری کوردستان کرا.
له‌و سێمیناره‌دا که ڕۆژی پێنجشه‌ممه، ١ی رێبه‌ندان له‌لایه‌ن یه‌کیه‌تیی نه‌ته‌وه‌یی خوێندکارانی کورد‌و یه‌کیه‌تیی لاوانی دێمۆکڕاتی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان له زانکۆی کۆیه رێکخرابوو، له چه‌ند ره‌هه‌ندی جۆراوجۆره‌وه ده‌سکه‌وته‌کانی کۆمار، گرینگیی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته کوردییه له‌و سه‌رده‌مه‌دا، پێگه‌ی قانوونیی کۆمار‌و سه‌مبۆله نه‌ته‌وه‌یییه‌کانی سه‌رده‌می کۆماری کوردستان خرانه به‌ر باس.
له بڕگه‌ی یه‌که‌می سمیناره‌که‌دا دوکتور هۆشمه‌ند عه‌لی مه‌حموود، مامۆستای مێژوو له زانکۆی کۆیه له بابه‌تێکدا له ژێر ناوی “ده‌سکه‌وته‌کانی کۆماری کوردستان له ماوه‌یه‌کی کورتی مێژوویی‌دا” تیشکی خسته سه‌ر گرینگیدانی کۆمار به بواره جۆراوجۆره‌کانی به‌ڕێوه‌به‌ریی کۆمه‌ڵگاو به تایبه‌ت بواری رووناکبیری.
دوکتور هۆشمه‌ند وێڕای ئاماژه به هه‌ستیاری بارودۆخی ئه‌وکاتی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان‌و به‌رز نرخاندنی هه‌وڵه‌کانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان‌و شه‌خسی قازی محه‌ممه‌د له دامه‌زراندنی کۆمار‌دا، به‌شی زۆری باسه‌که‌ی ته‌رخان کرد بۆ بایه‌خدان به لایه‌نی ڕووناکبیریی هه‌وڵه‌کانی کۆمار له ماوه‌ی ٣٣٠ رۆژ ته‌مه‌نی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته کوردییه‌دا.
دوکتور هۆشمه‌ند له به‌شێکی دیکه‌ی قسه‌کانیدا گوتی کۆماری کوردستان جگه له دانانی وه‌زاره‌تێکی تایبه‌ت بۆ ئه‌م بواره، چه‌ند بنیاتێکی دیکه‌شی به مه‌به‌ستی گه‌شه‌ی ڕووناک‌بیری له ناوچه‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی کۆمار‌دا پێکهێنا، که له گرینگ‌ترین کاره‌کانیان به ڕه‌سمیکردنی زمانی کوردی له داموده‌زگاکانی کۆمار‌دا، گۆڕینی ناوی قوتابخانه‌کان بۆ ناوی کوردی‌و خوێندن تێیاندا به‌و زمانه، دانانی فه‌رهه‌نگستانی زمانی کوردی، چاپ‌و بڵاوکردنه‌وه‌ی چه‌ند رۆژنامه‌و گۆڤار له شاره‌کانی مههابادو بۆکان به زمانی کوردی، دامه‌زرانی ئێزگه‌ی رادیۆی کوردی، وه‌ڕێخستنی شانۆی سهرشهقامو سینه‌مای گه‌ڕۆک بۆ بردنه سه‌رێی ئاستی ڕووناکبیریی خهڵکو کۆمه‌لێک کار‌و چالاکیی دیکه له‌و بواره‌دا بوو.
به‌ڕێزیان له درێژه‌ی باسه‌که‌یدا پێکهێنانی سوپای کوردستان‌و ناونانی جه‌نگاوه‌ری کورد به “پێشمه‌رگه”ی وه‌ک ده‌سکه‌وتێکی گرینگی دیکه‌ی کۆمار ناساند.
له بڕگه‌یه‌کی دیکه‌ی ئه‌و سمیناره‌دا ئاره‌زوو نستانی، مامۆستای زانکۆ‌و شاره‌زا له قانوونی نێوده‌وڵه‌تی بابه‌تێکی پێشکه‌ش کرد له ژێر ناوی “کۆماری کوردستان به پێودانگی پڕه‌نسیپه‌کانی قانوونی نێوده‌وڵه‌تی”.
ناوبراو هه‌وڵی دا به پشتبه‌ستن به بنه‌ما په‌سندکراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌کانو هه‌ڵسه‌نگاندنی گوتاری رێبه‌رانی کۆمار به تایبه‌ت پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د له وتاره‌کانی له بۆنه فهرمییهکانداو پێوانی ئه‌و گوتاره به پێودانگی یاسا‌و رێسا نێوده‌وڵه‌تییه‌کان، کۆماری کوردستان وه‌ک ده‌سه‌ڵاتێکی سه‌ربه‌خۆ بناسێنێ.
ئاره‌زوو نستانی گوتی: کۆماری کوردستان سه‌رجه‌م ره‌گه‌زه‌کانی ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆی له خۆیدا کۆ کردبۆوه‌و خاوه‌نی هه‌ر سێ ره‌گه‌زی ههرێمو جه‌ماوه‌رو ده‌سه‌ڵاتی سیاسی بوو. که ئه‌م سێ ره‌گه‌زه له به‌ڵگه‌نامه نێوده‌وڵه‌تییه‌کاندا وه‌ک مه‌رجی بوونی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ دانیان پێدا نراوه.
به‌ڕێز نستانی له درێژه‌دا ئاماژه‌ی به‌وه کرد که کۆماری کوردستان هه‌وڵی داوه پرسی کورد له چواچێوه‌یه‌کی به‌رته‌سکی نێوخۆیی رزگار بکاو ده‌نگی کورد به دنیای ده‌ره‌وه بگه‌یه‌نێ‌و به په‌یوه‌ندی گرتن له‌گه‌ڵ وڵاتانی ده‌وروبه‌ر وه‌ک یه‌کیه‌تیی سۆڤیهتو کۆماری ئازهربایجانو هه‌روه‌ها مه‌تره‌ح کردنی کێشه‌ی کورد له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی وڵاتان به‌رگری له مافی چاره‌ی خۆنووسینی گه‌لی کورد بکاو بیانکاته پشتیوانی کۆمار.
به‌ڕێزیان له درێژه‌ی باسه‌که‌یدا به ئاماژه‌دان به دیدی به‌ربڵاوی سه‌رانی کۆمار به نیسبه‌ت سیاسه‌تی ناوچهییو جیهانی، گوتی ٧٠ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر راگه‌یه‌نه موعته‌به‌ره‌کانی وڵاتان‌و کۆڕ‌و کۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تی گرینگ‌یان به کۆماری کوردستان داوه‌و به شێوه‌ی ئه‌رێنی و نه‌رێنی له سه‌ر کۆمار دواون که له رۆژنامه‌ی “کوردستان”ی سه‌رده‌می کۆمار‌دا به بایه‌خه‌وه ئاوڕیان لێ دراوه‌ته‌وه.
له بڕگه‌یه‌کی دیکه‌ی سێمیناره‌که‌دا پێشه‌وا عه‌لیپوور، سکرتێری یه‌کیه‌تیی لاوانی دێمۆکراتی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان وتارێکی به ناونیشانی “کۆماری کوردستان‌و کاریگه‌رییه‌کانی دوای ٧٠ ساڵ” پێشکه‌ش کرد‌و له به‌شێکی وتاره‌که‌یدا گوتی: کۆماری کوردستان بەرهەمی ئهقڵییەتی شەڕخوازانەو تێکهەڵچوون نەبوو، کۆماری کوردستان کۆمارێکی مهدهنیو دێموکراتیک‌و بەرهەمی ئهقڵییەتێکی مۆدێرن بوو کە لە ئاکامی قۆستنەوەی دەرفەتداو لە بۆشایی دەسەڵات لە بەشێکی کوردستان پێک هاتبوو.
سکرتێری یه‌کیه‌تیی لاوان له به‌شێکی دیکه‌ی وتاره‌که‌یدا په‌ڕژایه سه‌ر لایه‌نێکی مێژوویی کۆمار‌و گوتی: دوای دامەزرانی کۆماری کوردستان، هەردوو دەسەڵاتی فیرقەی ئازەربایجان‌و ئازەربایجانی سوڤیەتی پێشوو هەوڵیان دەدا کە کۆماری کوردستان ببێتە بەشێک لە حکومەتی میللیی ئازەربایجان، بەڵام قازی محەممەد بە مەنتیقی خۆی‌و بە موزاکهرەو دانوستان لەگەڵ تەورێزو باکۆ، هەروەها لەگەڵ نوێنەرانی سووڤیەتی پێشوو، پێیان دەڵێ “نەخێڕ”و؛ پێیان دەسەلمێنێ کە کورد حکوومەتی کۆماری کوردستان دادەمهزرێنێو نابنە پاشکۆی هیچ دەوڵەتو هێزێک.”
دوایین کۆڕگێڕی سێمیناره‌که ره‌حمان سه‌لیمی، سکرتێری یه‌کیه‌تیی نه‌ته‌وه‌یی خوێندکارانی کورد بوو که باسێکی له ژێر ناوی “سه‌مبۆل سازی له کۆماری کوردستاندا” پێشکه‌ش به ئاماده‌بووان کرد.
ڕه‌حمان سه‌لیمی بوونی رهمزو سه‌مبۆلی بۆ هه‌ر کۆمه‌ڵێکی مرۆیی سیاسی، فه‌رهه‌نگی یان کۆمه‌ڵایه‌تی بۆ مانه‌وه‌و به‌رده‌وامی ئه‌و کۆمه‌ڵه‌یه به زه‌رووری وه‌سف کرد‌و ئاماژه‌ی به‌وه دا که کاتێک ئه‌و سیمبۆلانه گرینگییهکهیان زیاتر ده‌رده‌که‌وێ که تایبه‌ت بن به نه‌ته‌وه‌یه‌ک. هه‌ر بۆیه کۆماری کوردستان وێڕای ده‌رک کردن به‌و زه‌رووره‌ته، کۆمه‌ڵێک سه‌مبۆلی به‌نرخی پێشکه‌ش به بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی کورد کردووه که بوونه‌ته ره‌مزی هاوبه‌شی نهتهوهکهمانو هه‌ستی هاوچاره‌نووسی له نێو کوردان‌دا به‌هێز کردووه.
سکرتێری یه‌کیه‌تیی نه‌ته‌وه‌یی خوێندکارانی کورد له درێژه‌ی باسه‌که‌یدا ئه‌و سهمبۆلانهی به مڵکی هه‌موو کورد زانی‌و گوتی: به داخه‌وه له نه‌بوونی ده‌سه‌ڵاتێکی سیاسی له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان، سه‌رچاوه‌ی ئه‌و سه‌مبۆلانه تۆزی فه‌رامۆشییان لێ نیشتووه‌و به‌و شێوه‌یه غه‌در له ده‌سکه‌وته‌کانی کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان کراوه، به تایبه‌ت له باشووری کوردستان به هۆی بوونی ده‌سه‌ڵاتێکی سیاسی به جۆرێک هه‌وڵی قۆرغکاری دهبینرێو ئه‌وه‌ش شعووری میللیی کوردی له رۆژهه‌ڵاتی کوردستانی بریندار کردووه‌و ئه‌گه‌ر به وشیارییه‌وه مامه‌ڵه به‌و پرسه‌وه نه‌کرێ وێده‌چی به‌ره‌وڕووی مه‌ترسی لێکترازانی نه‌ته‌وه‌یی ببینه‌وه.