وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هێرشی میلیشیا تێرۆریستە حووسییەکانی یەمەن بۆ سەر خاکی عەرەبستانی سعوودی، بە توندی مەحکووم کرد.
ڕۆژی هەینی ٦ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی، “نێد پرایس” وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا هێرشی ئەو دواییانەی میلیشیا حوسییەکانی یەمەنی، لە کاتێکدا کە دەوڵەتی یەمەن و عەرەبستانی سعوودی ئامادەیی خۆیان بۆ وتووێژ و گەیشتن بە ئاگربەس ڕاگەیاندووە، بە هەڕەشەیەکی ئاشکرا و هەوڵی نوێی ئەوان بۆ دروستکردنی بشێوی و ئاژاوە نانەوە لەو وڵاتە و هەڕەشەیەک بۆ سەر خەڵکی ئاسایی و مەدەنیی عەرەبستان ناوبرد.
ناوبراو هەروەها داوای لەلایەنە دژبەرەکانی یەمەن کرد کە لە وتووێژی ئاشتی دا کە لە ژێر چاوەدێری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندایە بەشدار بن و لەگەڵ نوێنەرانی تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمریکا و یەمەن لە پێوەندی دابن.
میلیشیا چەکدارە حووسییەکان کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پشتیوانییان لێدەکرێ، لە ساڵی ٢٠١٥ وە تا ئێستا بە دەیان جار هێرشی مووشەکییان کردۆتە سەر عەرەبستان و خاکی ئەو وڵاتەیان کردۆتە ئامانج.