کەماڵ شەریفی، بەندکراوی سیاسی x کە ئێستا خەریکی تێپەڕاندنی سێزدەهەمین ساڵی ماوەی ٣٠ ساڵەی بەندکرانەکەیەتی، لە بەندیخانەی ناوەندی میناب بەبێ مافی مەرەخەسی ڕاگیراوە.
کەماڵ شەریفی ڕۆژنامەنووس و بەندکراوی سیاسی کورد لە حاڵێکدا سێزدەهەمین ساڵی بەندکرانی تێدەپەڕێنێت کە لەو ماوەیەدا تەنانەت یەک ڕۆژ مافی مەرەخەسی پێ نەدراوە و دووجار تووشی جەڵتەی مێشک و جەڵتەی دڵ بووە و دۆخی تەندروستی ناجێگیرە و نامەیەکی بەناوی “ڕەنجنامە” بڵاو کردۆتەوە کە بەشێک لە دەقەکەی بەم شێوەیە:
تۆ هێشتا هەر لێرەی؟ ئەم پرسیارە زیاتر لە سەد جار و بە سەرسووڕمانەوە لە زمانی ئەو کەسانەوە کە لە بەندیخانە ئازاد کراون و دیسان کەوتوونەتەوە بەندیخانە، لێم کراوە و کەسانێک هەن کە لەم ماوەی نزیک بە ١٣ ساڵەدا زیاتر لە چوار تا پێنج جار لە بەندیخانە ئازاد کراون و دیسان بە تاوانێکی دیکە کەوتوونەتەوە بەندیخانە، کەسانێکیش هەن کە زیاتر لە چوار جار بە تاوانی جۆراوجۆر گەڕاونەتەوە بۆ بەندیخانە و کاتێک دەمبینن، دەپرسن تۆ هێشتا لێرەی؟ نەچووی بۆ مەرەخەسی؟
کەسانێک هەن کە خوێن بایی”دییە”ی سکاڵاکەری پێشوویان نەداوە و ڕەزایەتیان لێوەرنەگرتووە، بەڵام لە هەوڵی گرتنی ڕەزامەندی و دانی خوێن بایی و مامەڵە لە گەڵ سکاڵاکەری نوێدان، کەچی من هێشتا لێرەم، نزیکەی ١٣ ساڵە لەم بەندیخانەیەم کە حوکمی ٣٠ ساڵ بەندکرانم هەیە، بێ مافی مەرەخەسی و مافەکانی دیکەی نێو بەندیخانە، بێ مافی قسەکردن، نووسین و دانیشتن لە گەڵ خەڵکانی دیکە، ١٣ ساڵە لێرەم بە تۆمەتی شەڕ لە گەڵ خودا و پێغەمبەرەکەی!