بەرپرسی بەشی پێوەندییە سوئێدییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی سوئێد، لە ڕێگەی ئانلاینەوە لەگەڵ پارلمانتارێکی ئەو وڵاتە کۆبوونەوەیەکی بەڕێوە برد.
ڕۆژی چوارشەممە ٤ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی، هەیئەتێکی پێوەندییەکانی حیزب بە سەرپەرەشتی “سۆزان فەتحی” بەرپرسی پێوەندییە سوئێدییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە ڕێگەی ئانلاینەوە لەگەڵ “فرێدریک ماڵم” پەرلمانتاری لیستی حیزبی لیبڕاڵی سوئێد و بەرپرسی ڕایەڵەی کوردستان لە پارلمانی ئەو وڵاتە کۆ بوونەوە.
سۆزان فەتحی لە سەرەتای کۆبوونەوەکە باسێکی گشتیی لەسەر باروودۆخی نالەباری خەڵکی ڕۆژھەڵاتی کوردستان کرد کە بەهۆی پەتای کۆرۆناوە کەوتوونەتە دۆخێکی دژوارەوە و نەبوونی پشتیوانیی ماددی و مەعنەوی گوشارێکی لە ڕادەبەدەری خستۆتە سەر خەڵک و لەلایەن کۆماری ئیسلامیشەوە بە تەواوی پشتگوێ خراون.
لەدرێژەی کۆبوونەوەکەدا “کەماڵ حەسەنپوور” هاوکاری بەشی پێوەندییەکانی حیزب، باسێکی لەسەر بەرجام و هەوڵەکانی چڕی هەر سێ وڵاتی ئاڵمان، بریتانیا و فەرانسە، دوای ھاتنەسەرکاری “جۆ بایدێن” سەرۆککۆماری نوێی ئەمریکا، بۆ دەستپێکردنەوەی وتووێژەکان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران بە شێوەی ساڵی ٢٠١٥ی زایینی و لەمپەر و مەترسییەکانی ئەو هەنگاوانەی وڵاتانی ئورووپایی پێشکەشکرد.
بەڕێز “فرێدریک ماڵم” جیا لە دووبارەکردنەوەی پشتیوانیی خۆی بۆ گەلی کورد، بەڵێنی هاوکاریی هاوبەشی دا و وتی: لە داهاتوویەکی نزیکدا بە هاوکاری بەشی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە سوئێد، نووسراوەیەک ئامادە دەکا کە دەبێتە بنەمای پرسیاری ناوبراو لە وەزیری دەرەوەی سوئێد و وڵامدانەوەی لە پارلەمانی ئەو وڵاتە. تەوەری نووسراوەکە دۆخی کۆڵبەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبێ و جگە لەوە ناوبراو بە نووسراوەش پرسی شەپۆلی دەسبەسەرکرانی ئەم دواییانەی چالاکوانانی کوردی ڕۆژهەڵات و گوشار خستنە سەر دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی بۆ ئازادکردنی ئەو دەسبەسەرکراوانە دەنێرێ بۆ وەزارەتی کاروباری دەرەوەی سوئید.