جنیفێر ڕوبین، گۆشه‌نووسی ڕۆژنامه‌ی “واشنگتۆن پۆست” داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ڕێککه‌وتنامه‌ی ئه‌تومی له‌گه‌ڵ ئێرانی کردوه.
جنیفێر ڕوبین، نووسه‌ری “واشنگتۆن پۆست” له وتارێکدا وێڕای هێرش بۆ سه‌ر کۆماری ئیسلامیی ئێران ده‌ڵێ ئه‌و ریککه‌وتنه ده‌بێ هه‌ڵبوه‌شێ، له به‌ر ئه‌وه‌ی ئێرانی له‌جاران غه‌ڕڕه‌تر کردوه.
ڕوبین ده‌ڵێ سه‌یر ئه‌وه‌یه که ته‌نانه‌ت دۆنالد ترامپ، پاڵێوراوی پێشه‌نگی کۆماریخوازه‌کان بۆ سه‌رۆک کۆماری گوتویه‌تی که سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی دژی ڕێککهتنهکهیه، به‌ڵام نایهه‌وێ تێکی بدا. ئه‌و نووسه‌ره‌ی واشنگفتۆن پۆست ده‌ڵێ کێشه‌که ئه‌وه نییه که ڕێککهوتنهکهخاڵێکی باش له ته‌نیشت هه‌موو خراپه‌کانی ئێران بێ که یارمه‌تی به باشبوونیان بکا.
نووسه‌ر له وتاره‌که‌یدا نووسینه‌که‌ی ڕابیڕت گیتس، وه‌زیری پێشووی به‌رگریی ئه‌مریکای هێناوه‌ته‌وه که گوتبووی زیاتر له ٣٠ ساڵه چاوه‌ڕوانه ” هێزه میانه‌ڕه‌وه‌کان” له ده‌سه‌ڵاتی ئێران‌دا ببینێ‌و، له کاتی چاوپێکه‌وتنی چه‌ند کاربه‌ده‌ستی ئێران له چه‌ند ڕۆژ پێش داگیرکردنی باڵوێزخانه‌ی ئه‌مریکا له تاران له ساڵی ٥٨ تا ئێستا ئه‌و ئاواته‌ی له دڵ دایه‌و نه‌هاتۆته دی. ئه‌و هه‌روه‌ها پێی وایه ئامانجه ژئوپۆلوتیکهکانی ئێرانیش دوای ریککه‌وتنی ئه‌تومی گۆڕانکاریی به‌سه‌ردا نایه.
جنیفێر ڕوبین به ئاماژه به ڕه‌دی سهڵاححیهتی به‌ربڵاوی به‌ربژێره‌کان بۆ هه‌ڵبژاردنی مه‌جلیس له‌لایه‌ن شووڕای نیگابان هه‌ر له یه‌که‌م ڕۆژی دوای ڕێککه‌وتنه‌که نوسیویه‌تی: ئه‌گه‌ر ئێمه به ته‌مابووین یارمه‌تییه‌کی لایه‌نی که‌متر توندڕه‌ومان له ئێران دابێ، به‌ڵام وادیاره ئاکامه‌که‌ی پێچه‌وانه بووه.”
ئه‌و نووسه‌ره‌ی واشنگتۆن پۆست دوایه ئاماژه به تاقیکاریی موشه‌که بالستیکه‌کان له‌لایه‌ن ئێران، ناردنی هێزو چه‌کی زیاتر بۆ سووریه، دروستكردنی گرووپێکی توندڕه‌وی دیکه به ناوی ” حهرهکهتولسابرین”و زیاترکردنی یارمه‌تییه‌کانی به حیزبوڵلای لوبنان‌و حهماسو هه‌روه‌ها به بارمته‌گرتنی هێزه‌کانی ئه‌مریکا له‌که‌نداوی فارس‌و عێڕاق کردوه.
روبین ده‌ڵێ وای لێ هاتووه که بێتوو ئێران له ڕێککه‌وتنه‌که‌ش لابدا، ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان لایه‌نگریی ئێران ده‌کاو دوایه‌ش ده‌ڵێن خۆ ناکرێ له‌سه‌ر سووکه لادانێک شه‌ڕێکی دیکه هه‌ڵبگیرسێ.
نووسه‌ر له کۆتایی بابه‌ته‌که‌یدا داوای له کاندیداکانی سه‌رکۆماریی ئه‌مریکا کردوه له ئه‌گه‌ری ههڵبژێرانیاندا ئه‌و رێککه‌وتنه هه‌ڵوه‌شێننه‌وه‌و له دژی سهرهڕۆیییهکانی ئێران بوه‌ستنه‌وه.