میلیشیا حووسییەکانی یەمەن، بە ١٨فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و ٨ مووشەکی باڵستیک هێرشیان کردە سەر خاکی عەرەبستان.
یەحیا سەریع، وتەبێژی گرووپی میلیشیا تێرۆریستە حووسییەکانی یەمەن ڕایگەیاند کە ئەم گرووپە کە وڵاتی ئێران پشتیوانی لێدەکا، لە هێرشێکدا بۆ سەر خاکی عەرەبستان، لە ١٨ فڕۆکەی بێڕۆکەوان و ٨ مووشەکی باڵستیک کەڵکیان وەرگرتووە.
یەحیا سەریع، ڕۆژی هەینی ٦ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی، لەسەر ئەوهێرشانەی کە ڕۆژی پێنجشەممە کردویانەتە سەر عەربستان وتی: دامەزراوە نەوتییەکانی ئارامکۆ، شارەکانی قەراخ ئاوی ڕابغ، یەنبغ، جیزان و سەربازگەی مەلک عەبدولعەزیز لە شاری دەمام، بە ١٢ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە جۆری سماد ٣ و ٨ مووشەکی باڵستیک لە جۆری زۆڵفەقار، بەدر و سەعیر کراونەتە ئامانج و ناوەندە سەربازییەکانی نەجران و عەسیر بە ٦ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە جۆری قاسف-کەی ٢ کراونەتە ئامانج.
لە کاردانەوە بەم هێرشانە وەزارەتی بەرگریی عەرەبستان ڕۆژی هەینی ٦ی خاکەلێوە، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە، هێرشی تێرۆریستی میلیشیا حووسییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران، بۆ سەر وێستگەی دابەشکردنی نەوتی جازان و هەوڵدان بۆ هێرش کردنە سەر شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکی مەدەنیی، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە بڕیاراتی سیاسیی و سەربازیی میلیشیا حووسییەکانی یەمەن لەلایەن بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەدرێ.
هەروەها وەزارەتی بەرگریی عەرەبستان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە ئەم هێرشانە هەڕەشەیە بۆ سەر ئابووری جیهان، گەیاندن و گواستنەوەی دەریایی و ئەمنییەتی هەناردەکردنی نەوت.