لە کاتێکدا کۆڵبەرکوژی و سەرکوت و کوشتاری خەڵکی کاسبکاری ناوچەسنوورییەکان بەشێکی سەرەکیی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە کوردستانە، لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا لانیکەم ٢٢٦ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆ، تەقینەوەی مین، بەربوونەوە لە بەرزایی لە سۆنگەی ڕاوەدوونان و هەروەها ڕەقهەڵاتن لە سەرما گیانیان لەدەستداوە و بریندار بوون. وردەکارییەکان دەریدەخەن کە لەو ٢٢٦ قوربانییەی ساڵی ٩٩ی هەتاوی، ٨٠ کەسیان کوژراون و گیانیان لەدەستداوە، هەروەها ١٤٦ کەسیش بریندار بوون.
“چاونیوز” لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئەو ئامارە باس لەوە دەکا کە لە ماوەی ساڵی رابردوودا ٧ شوانکارە و چۆداریش لە ناوچە سنوورییەکان بەئانقەست لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دراونەتە بەر دەستڕێژ و گیانیان لێ ئەستێندراوە.
ڕۆژی پێنجشەممە ١٧ی ڕەزبەری ٩٩ی هەتاوی، هێزە ئینتزامییەکانی شاری شەهریار سەر بە پارێزگای ئەلبورز لاوێکی تەمەن ٣٠ ساڵی خەڵکی سنەیان بە ناوی “کەژوان ئەڵماسی” لە میوانییەکی شەوانە دەسبەسەر کرد و دوای دەسبەسەر کران لە پشتەوە تەقەیان لێکرد و کوشتیان. لە کردەوەیەکی جینایەتکارانەی دیکەدا ڕۆژی پێنجشەممە ٢٤ی ڕەزبەر هێزە ئینتزامییەکانی پایگای دەوڵەتئاوای کرماشان ئۆتۆمبێلێکی جۆری “پژۆ ٤٠٥”یان دایە بەر دەستڕێژی گولە کە لە ئاکامی ئەو دەستڕێژەدا شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە کە مێرمنداڵێکی تەمەن ١٧ ساڵ بە ناوی “ئەشکان عەزیزی” بووە گیانی لەدەستداوە و مێرمنداڵێکی تەمەن ١٧ ساڵانیش بە ناوی “بورهان عەزیزی” بە سەختی بریندار بوو.
هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی لە تاران ڕۆژی دووشەممە ١٣ی رێبەندانی ٩٩ی هەتاوی، لە مێترۆی ئەو شارە لاوێکی تەمەن ٢١ ساڵی کوردی خەڵکی دیواندەرەیان بە ناوی “مێهرداد تاڵشی” دەسبەسەر کرد و هەمان شەو لەژێر ئەشکەنجەدا کوشتیان. هەروەها ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ی ڕەشەممەی ٩٩ی هەتاوی لە گەڕەکی دەرەدێژی کرماشان تەقەیان لە پۆلێک خەڵکی ئەو گەڕەکە کرد کە لە ئاکامدا “سیروان محەمەدی”، تەمەن ٢٥ ساڵ کوژرا و “عەلی ئەحمەدی” تەمەن ٧٠ ساڵ بریندار بوو.
شایانی باسە کوژران و برینداربوونی ٢٢٦ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە ساڵی ١٣٩٩ی هەتاوی لەحاڵێکدایە کە هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ساڵی پێشتریشدا ٢٤٠ کۆڵبەر و کاسبکاریان دابووە بەر تەقەی ڕاستەوخۆ.











