١٠٢کەس لە چالاکانی سیاسیی و مەدەنیی و ئایینی نێوخۆی ئێران، لە نامەیەکدا داوایان لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە پشتیوانی لە ڕاپرسییەکی گشتیی لە ئێران بکەن.
١٠٢کەس لە چالاکانی مەدەنی و سیاسی و ئایینی لە ناوخۆی ئێران لە نامهیەک بۆ سەرۆک و ئەندامانی شۆرای ئاسایشی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان خوازیاریی پاڵپشتیی ئەم ناوەندە لە بەڕێوەبردنی ڕاپرسییەکی گشتیی لە ئێران و چاوەدێری کردنی لەلایەن ئەم ڕێکخراوەیە لە ئێرانن.
ئەم چالاکانە لە نامەکەیاندا نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان بە دز و تاڵانچی و جینایەتکار ناوزەد کردووە و کوژرانی خۆپیشاندەرانی خەزەڵوەری ساڵی ٩٨ی هەتاوییان وەکوو نموونەیەک لە جینایەتەکانی ئەم ڕێژیمە ناو دەبەن.
لەبەشێکی دیکەی نامەکەدا هاتووە کە ئێمە لەسەر ئەو باوەڕەین کە شۆرای ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، هێزو توانای ئەوەی هەیە کە لە چوارچێوەی پێشیلکارییە مرۆییەکان لە ئێراندا، ئاسایش و پێکەوە ژیان لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستەبەر بکا و دەتوانێ پێش لە سەرەڕۆییەکانی ڕێژیمی ئێران بگرێ.
ئەم چالاکانە لە نامەکەیاندا داوایان کردووە کە یاسایی بنەڕەتی ئێران بە چاوەدێری شۆرای ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و لە ڕاپرسییەکی گشتیدا بگۆڕدرێ بۆ یاسایەکی بنەڕەتی سکولار ودێموکراتیک.
چالاکانی نێوخۆ ئەم نامەیەیان بۆ ئانتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی ڕیکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لیندا تۆماس گرینفیلد، بەرپرسی شۆرای ئاسایش، میشێل باشلە، کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤ لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، جۆزپ بۆرێل، نوێنەری باڵای یەکیەتیی ئورووپا لە سیاسەتەکانی دەرەوە، جاوید ڕەحمان، ڕاپۆرتنێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەهەمبەر مافی مرۆڤ لە ئێران ناردووە.












