ئانتۆنی بلینکێن ڕایگەیاند کە ئەمریکا چاوەڕێی وڵامی ئێرانە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی چارەنووسساز کە بەرنامەی مووشەکیی و هەوڵەکانی ئێران بۆ ناسەقامگیری ناوچەکە لەخۆ دەگرێ.
ئانتۆنی بلینکێن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ڕۆژی چوارشەممە ٤ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە دوای دانیشتنی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی هاوپەیمانی ناتۆ لە بروکسێل وتی: سیاسەتی ئەمریکا لەهەمبەر ڕێککەوتنی ناوکیی لەگەڵ ئێران زۆر ڕوون و ئاشکرایە و دەرگای وتووێژ و دیپلۆماسی لەسەر ئەم بابەتە بەردەوام کراوەیە.
بلینکێن بەئاماژە بە پێشنیاری یەکیەتیی ئورووپا بۆ دانیشتن و وتووێژ لەسەر ڕێککەوتنی ناوکیی، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە دەوڵەتی جۆ بایدێن ئامادەیە وتووێژ بکا، ئەوە ڕێژیمی ئێرانە کە خۆی دوور دەخاتەوە لە دانیشتن و وتووێژ.
ناوبراو لە درێژەدا وتی: لە ئێستادا تۆپ لە مەیدانی ئێران دایە و دەبێ چاوەڕوان بین بزانین بەرپرسانی باڵای ئێران دەیانهەوێت لە ڕێگای دیپلۆماسی و وتووێژەوە بگەڕێنەوە بۆ بەڵێنەکانیان لە ڕێککەوتنی ناوکیی یان نا.
بلینکێن هەروەها ڕایگەیاند کە ئەمریکا، دەیهەوێت ڕێککەوتنێکی بەربڵاو لەگەڵ ئێران پێکبێنێ کە بەرنامەیی مووشەکیی و ئەو چالاکییانەی ئێران کە هۆکاری ناسەقامگیری ناوچەکەن لەخۆ بگرێ.