شۆرای هاوکاری کەنداو داوای لە وڵاتانی ئورووپایی وئەمریکا کردووە کە بۆ وتووێژ و ڕێککەوتنی ناوکیی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران دەبێ ئێمەش بەشدار بین.
ڕۆژی چوارشەممە ٤ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی، شۆرای هاوکاریی وڵاتانی عەرەبی کەنداو ڕایگەیاند کە بە پێویستی دەزانین کە شۆرای هاوکاری لە هەموو وتووێژەکانی بەرنامەی ناوکیی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران بەشدار بێ و جەختی لە سەر ئەوە کردەوە کە وتووێژەکان لەگەڵ تاران، دەبێ بەرنامەی مووشەکی و دەستێوەردانەکانی ئەو ڕێژیمە لە ناوچەکەدا لە خۆ بگرێ.
بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی فەرمیی سعوودی، “نایف بن فەلاح حەجرەف” بەڕێوەبەری گشتیی شۆرای هاوکاری لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ وەزیری دەرەوەی چین، لە دبیرخانەی ئەو شۆرایە لە “ڕیاز” باس لە سەر پێداگریی وڵاتانی ئەندام لە شۆرای هاوکاریی کەنداو بۆ بەهێزکردن و بەرەو پێشبردنی پێوەندی لەگەڵ وڵاتی چین لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا و بەرژەوەندیی هاوبەش و هەر وەها جەختی لە سەر بەرەو پێشبردنی پەروەندەی وتووێژەکانی بازرگانی ئازاد لە نێوان هەر دوو لادا کردەوە.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا جەختی لە سەر گرینگیی بەشداریکردنی وڵاتانی شۆرای هاوکاریی لە کەنداو کردەوە کە لە هەر وتوێژێکی پێوەندیدار بە ڕێککەوتنی ناوکیی لە گەڵ ڕێژیمی ئێران، کە بریتییە لە بەرنامەی ناوکیی ئێران، مووشکی باڵستیک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، ئاسایس و ئەمنییەتی دەریانەوەردی و کەشتیڕانی، هەڵسوکەوتی سەرەڕۆیانەی ئێران لە ناوچەکەدا بۆدەستەبەربوونی ئاسایس و ئەمنییەتی تەواوی ناوچەیی کردەوە.