لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا زیاتر لە ١٠ کەس لە شارەکانی مەریوان، سنە و سەقز بەهۆی بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمەکانی تایبەت بە نەورۆز لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شەوی دووشەممە ٢ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی، هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی لە مەریوان هەڵیانکوتاوەتە سەر گوندی نێ و به شکاندنی دەرگا و پەنجەرەی چەند خانوویەک بە شێوەی نایاسایی چوونەتە نێو ماڵەکان و ماڵەکانیان پشکنیوە و چەندین هاووڵاتی دەسبەسەر کراون، بەڵام هەتا ئێستا ناسنامەی دوو کەس لە دەسبەسەرکراوەکان بە ناوەکانی “سەلمان ئەفرا” بەندکراوی سیاسیی پێشوو “سەیوان پەرتەو” ئاشکرا بووە.
هەروەها لەلایەکی دیکەوە ڕۆژی یەکشەممە ١ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی، هاوکات لەگەڵ یەکەمین ڕۆژی نەورۆز، هاووڵاتییەکی خەڵکی “سنە” بە ناوی “سەرۆک ئەبولقاسمی” هەر بەو تۆمەتە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەتەوە و هەروەها لەم پێوەندییەدا لانیکەم ٩ هاووڵاتی بە تۆمەتی بەشداری لە ڕێوڕەسمی نەورۆزی لە گوندی “قەڵا کۆن”ی سەر بە شاری سەقز لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون و تائێستا ناسنامەی ئەو کەسانە ئاشکرا نەکراون.











