سادق زیباکەلام: هیچ ڕووناکییەک و ئاسۆیەکی ڕوون لە داهاتووی ئێران بەدی ناکەین و کۆتایی ئەم تونێلە هەروەها تاریکی و بێ هیوایی پێوە دیارە.
سادق زیباکەلام شڕۆڤەکاری سیاسی بە ماڵپەڕی “ئێعتماد ئانلاین”ی گوت: هیچ دەسکەوتێک لە ساڵی ٩٩ی هەتاوی لە چوارچێوەی نێوخۆ و دەرەوە نابینم و دەبێ بڵێین هیچ دەسکەوتێکمان نەبووە، کێشە سیاسییەکان پێشتریش بوونیان هەبوو و پێوەندی بە ساڵی ٩٩وە نییە، هەڵبەت بێ هیوایی و بێ متمانەیی و نەبینینی ڕووناکی لە کۆتایی تونێلدا، بۆ وەچەی نوێ لە ساڵی ٩٩دا زۆرتر بووە.
ناوبراو بەجەختکردنەوە لە سەر قسەی یەکێک لە بەرپرسانی وەزارەتی زانست کە وتوویەتی: لە ساڵی ڕابردوودا نزیکەی ٩٠٠کەس لەو خوێندکارانەی کە خوێندنیان تەواو کردبوو وڵاتیان بەجێهێشتووە وتی: بەپێی ئەو قسانە ئەو راستییەمان بۆ دەسەلمێ کە بێ متمانەیی و بێهیوایی لە سندووقی دەنگدان کە پێشتریش هەبووە، لە ساڵی ٩٩دا ئەو کێشەیە زیاتر درێژەی پەیدا کردووەتەوە.
زیباکەلام بە باسکردن لەوەیکە کۆرۆنا بێ متمانەیی بە بەڕێوەبردنە گشتییەکانی بەرفراوانتر کردوە وتی: ، بەڕێوەبردنی سەقەتی ڕووبەڕوو بوونەوەی قەیرانی کۆرۆنا لە چاوی خەڵکەوە ئەو ڕاستییەی دەرخست کە دەوڵەت لە چارەسەرکردنی کێشەکانی خەڵک بە توانا نییە و دەوڵەت هیچ کارێکی جیددی بۆ زیان لێکەوتووانی کۆرۆنا ئەنجام نەداوە.