کاسبکارێکی خەڵکی سەقز بەناوی “محەممەد سادقی” لە نزیک شاری خوڕەمئاوا بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران گیانی لەدەستدا.
بەپێی هەواڵی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان چاونیوز، شەوی دووشەممە ٢ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی، هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران لە نزیک شاری خوڕەمئاوا ناوەندی پارێزگای لوڕستان بە گومانی هەڵگرتنی کەلووپەلی قاچاخ تەقەیان لە ماشێنێک کردووە و لە ئاکامدا شۆفێرەکەی گیانی لەدەستدا.
شایانی باسە کە هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەکاتێکدا بە بیانووی هەڵگرتنی کەلووپەلی قاچاخ تەقەیان لەو ماشێنە کردووە که هیچ بارێکی پێ نەبووە، کۆماری ئیسلامی بەردەوام بە هۆکاری جیاجیا لە کوردستان ڕۆژانە هاووڵاتییان بە تەقە و بە شێوازگەلێکی دیکە ژیان و گیانیان لێ دەستێنێ و ئەو کردەوانەی ڕێژیمی ئێران سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە ناتوانی خەڵکی کوردستان بخاتە ژێر هەژموونی سیاسەتەکانی خۆیەوە.











