غوڵامڕەزا تاجگەردوون، نوێنەری پێشووی مەجلیسی ڕێژیم، دامەزراوەیەکی سەر بە خامنەیی بە کوشتنی خەڵک لە ناڕەزایەتییەکانی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاوی تۆمەتبار کرد.
تاجگەردوون بێ ئەوەیکە ڕاستەوخۆ ئاماژە بە کۆبوونەوەی شۆرای هاواهەنگی ئابووری بەرپرسانی سێ دەزگایی بەڕێوەبەری لە ئێران، کە پێشنیاری گرانبوونی بەنزینیان کردبوو بکات وتی: ئەو سێ کەسە بە بڕیاری خامنەیی بڕیاری گرانبوونی نرخی بەنزینیاندا و هۆکاری سەرەکیی ناڕەزایەتییەکانی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاوی، لە هەموو شارەکانی ئێرانن.
غوڵامڕەزا تاجگەردوون، کە بۆ خۆی لە کاتی ناڕەزایەتییە گشتییەکانی مانگی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاوی، ئەندامی شۆرای هاوئاهەنگی ئابووری لە ئیران بووە لە وتوویژێکدا لەگەڵ حەوتوونامەی” ئێعتماد” لە هەمبەر چۆنیەتیی بڕیاردان لەسەر گرانبوونی نرخی بەنزین وتی: کەسانێک بەڵێنیان بە سەرۆککۆماردا کە ئەگەر نرخی بەنزین گران بێ هیچ شتێک ڕوونادا و ڕەنگە چەند کەسێک ناڕەزایەتیی دەرببڕن کە بە زووترین کات دەسبەسەریان دەکەین و کۆتایی پێدێنین.
ناوبراو لە درێژەی وتووێژەکەیدا وتی: لە کۆبوونەوەی شۆرادا بڕیار درا تەنیا کاتێک نرخی بەنزین گران دەبێ کە لە بواری ئابووریدا کێشە بۆ خەڵک ساز نەبێ، بەڵام لە ناکاو دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامیی ئێران، گرانبوونی نرخی بەنزینی ڕاگەیاند، کە ئەم کارە هۆکاری سەرەکیی ناڕەزایەتییەکان، کوژران و سەرکوت و دەسبەسەرکردنی خەڵکی ناڕازیی لە گرانبوونی نرخی بەنزینی بەدواوە بوو.












