ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، لە چەندین تویتدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتێر داوای لە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران کردوە کە بێ هیچ مەرجێک و زۆر خێرا بەندکراوانی سیاسیی لە بەندیخانەکان ئازاد بکا.
ڕۆژی سێشەممە ٣ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، لە چەندین تویتدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتێر ناوی چەندین بەندکراوی هێناوە کە تەنیا لەهەمبەر بەرگری لە مافی شارۆمەندی، ئایینیی، کرێکاری و بەشداربوون لە ناڕەزایەتییە گشتییەکانی ئێران بە تۆمەتی سیاسیی و دژایەتیکردنی ڕێژیمی ئێران ماوەیەکی زۆرە لە بەندیخانەکانی ئێراندا بەندکراون.
لەم زنجیرە تویتەدا ناوی کەسانێکی ناسراو وەکوو مونیرە عەرەبشاهی، چالاکی مەدەنیی دژبەری حیجابی زۆرەملێ، ئیسماییل عەبدی، پارێزەری مافی مامۆستایان و فاتیمە دادوەند، چالاکی مەدەنیی کە لە ناڕەزایەتییە گشتییەکانی خەزەڵوەری ٩٨ لە ئێران دەسبەسەر کراون هاتووە و ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی داوای لە ڕێژیمی ئێران کردووە کە بە زووترین کات ئەم دەسبەسەرکراوانە بێ هیچ جۆرە مەرجێک لە بەندیخانەکان ئازاد بکا.