کاربەدەستێکی گرتووخانەی ڕەجایی شاری ئێران هەڕەشەی ئێعدامکردنی لە گیراوی کورد زانیار مرادی کردوە.
ئەو کاربەدەستەی زیندان پێی گوتوە کە لەگەڵ دنیای دەرەوەش ریککەوتین و ئەمجارەیان نۆرەی ئیعدامکردنی ئێوەیە.
بەپێی ڕاپۆرتی کەمپەینی بەرگری لە گیراوانی سیاسی، بەرپرسی بەشی قەزایی گرتووخانەی ڕەجایی شار لە نێوان قسەکانیدا لەگەڵ نوێنەری داواکاری گشتیی تاران هەڕەشەی ئێعدامکردنی زانیار مرادی، زیندانیی سیاسیی کوردی لە ناوبراو کردوە.
نوێنەری داواکاری گشتیی تاران بەمەبەستی بەدواداچوونی پەروەندەو بارودۆخی ڕەمەزان ئەحمەد کەماڵ، کە لەلایەن بەرپرسانی گرتووخانەوە ئەشکەنجە دراوەو تا ئێستاش لە کۆما دایە؛ سەردانی گرتووخانەی ڕەجایی شاری کردبوو و لە پێوەندی لەگەڵ ئەشکەنجەکرانی ناوبراودا لەگەڵ زیندانییەکان دوابوو.
بەرپرسی بەشی قەزایی زیندانی ڕەجایی شار، کە ئامادەی شایەدیدانی بەندکراوانی گرتووخانەکە لەسەر پەروەندەی ڕەمەزان ئەحمەد بووە، لەکاتی لێ پرسینەوەی زانیار مرادیدا هەڕەشەی لە ناوبراو کردوە و گوتوویەتی: “بەرجام تەواو بوو، تۆش ئێعدام دەکرێی”.