موجتەبا زولنوور: بەرنامەی مووشەکیی و سیاسەتی ناوچەیی ئێران، هیچ پێوەندییەکی بە ڕێککەوتنی ناوکییەوە نییە و ئێمە لە سەر ئەو دوو بەرنامەیە وتووێژ ناکەین.
موجتەبا زولنوور، بەرپرسی کۆمیسیۆنی سیاسەتی دەرەوەی مەجلیسی ڕێژیم ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی نایهەوێت لە هەمبەر بەرنامەیی مووشەکیی و سیاسەتە ناوچەییەکانی ئێران وتووێژ بکا و وتی کە ئێمە ناگەڕێینەوە بۆ وتووێژ لەسەر ڕێککەوتنی بەرجام بەڵکوو وڵاتانی دیکەن کە دەبێ پێبەندبن بە بەڵێنەکانیان لەو ڕێککەوتنە.
موجتەبا زولنوور، ڕۆژی سێشەممە ٣ی خاکەلێوە، لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی تەسنیم، بەئاماژە بە قسەکانی خامنەیی کە وتبووی دەبێ گەمارۆکان لەسەر ئێران لابچێ وتی: لە ئێستادا کە ٥ ساڵ لە ڕێککەوتنی بەرجام تێدەپەڕێ کۆماری ئیسلامیی ئێران، پێبەند بووە بە هەموو بەڵێنەکانی لەو ڕێککەوتنە و پشکی ئێران کە لابردنی گەمارۆکان بووە هیچ لانەچووە و گەمارۆی زیاتریش بەسەر ئێراندا سەپاوە.
زولنوور کە سەر بە باڵی توندئاژۆ و دەورێکی زۆری لە پەسەندکردنی گەڵاڵەی بردنەسەری ئاستی ئۆرانیۆمی پیتێندراو هەبووە و لەو کەسانەیە کە دەڵێ نابێ ئێران بگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنی ناوکیی تاهەموو گەمارۆکان لە سەری لانەچێ ڕایگەیاند کە وڵاتانی ئورووپایی بەڵێنەکانی خۆیان جێبەجێ نەکردووە و دەوڵەت هەڵەی کردووە کە باوەڕی بە وڵاتانی ئورووپایی و ئەمریکا کردووە.
ئەو بەرپرسەی کۆماری ئیسلامی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئێران، هیچ بەرنامەیەک زیاد ناکا بە ڕێککەوتنی بەرجام و هیچ پێویست نییە کە ئێران لە هەمبەر بەرنامەیی مووشەکیی و سیاسەتی ناوچەیی خۆی لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ناوکییدا وتووێژ بکا.












