مامۆستایەکی ئایینی خەڵکی پیرانشار بەناوی “مامۆستا ڕەسووڵ هەمزەپوور” کە پاییزی ساڵی ڕابردوو لەلایەن هێزە چەکدارەکانیەوە دەسبەسەر و دواتر بە بارمتە ئازاد کرابوو، لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای سێ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا.
بەپێی هەواڵی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان “چاونیوز”، مامۆستا ڕەسووڵ هەمزەپوور، پێشنوێژی گوندی “ئەندیزێ”ی پیرانشار لەلایەن دادگای تایبەت بە مامۆستایانی ئایینی ورمێ سزای سێ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە و کۆتاییەکانی مانگی ڕەشەممە، بە فەرمی ئەو بڕیارەی دادگای پێ ڕاگەیەندراوە.
دادگای کۆماری ئیسلامی ئێران ئەو سزایەی بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە بەدژی نیزام و پڕوپاگەندە بۆ پرسە نەتەوەیی و مەزهەبییەکان و هەروەها چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵایەییەکان” بە سەر مامۆستا ڕەسووڵ هەمزەپووردا سەپاندووە.
شایانی باسە کە، مامۆستا ڕەسووڵ حەمزەپوور خەڵکی گوندی “خراپە” و بەرنوێژی گوندی “ئەندێزە”ی سەربە لاجانی پیرانشارە، کە ساڵی ڕابردوو لەلایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی لە شاری پیرانشار دەسبەسەر و بۆ ورمی گوازرایەوە.











