لە ماوەی ساڵی ١٣٩٩دا لانیکەم ٦٤٠ کەس لە خەڵکی ئاسایی و چالاکانی مەدەنی و سیاسی لەلایەن دەزگا ئەمنیەتییەکانەوە بەتۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتی و سیاسی لە دژی کۆماری ئیسلامی و بەرژەوەندییەکانی ئەو ڕێژیمە گیراون.
بەپێی بانکی ئاماری “چاونیوز” لەو ٦٤٠ کەسەی لە ماوەی ئەمساڵدا دەسبەسەر کراون، لانیکەم ١٨٩ کەسیان دادگایی و سزای لە سێ مانگ تا سزای درێژخایەنی ٢٥ ساڵ زیندان و تەنانەت سزای ئێعدامیان بەسەردا سەپاوە و سەرجەم ٨٨٢٥ مانگ (٧٣٥ ساڵ و ٥ مانگ) زیندانیان بەسەردا سەپاوە.
لەو بەندکراوانە سێ کەسیان بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبە سیاسییەکانی دژبەری ڕێژیم سزای ئێعدامیان بەسەردا سەپاوە و حوکمی ئێعدامی دوو بەندکراوی سیاسیی کوردیش لە دادگای تێهەڵچوونەوەدا پشتڕاست کراوەتەوە. هەروەها دوو بەندکراوی سیاسیی کوردیش لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لێ ئەستێندراوە.
جێی باسە ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی خەزەڵوەر بەندکراوێکی لاو لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ بە ناوی “سادق مەلەکی” بە هۆی پێڕانەگەیشتنی پزیشکی گیانی لە دەست داوە و ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی خەزەڵوەریش بەندکراوێکی تەمەن ٢٧ ساڵی خەڵکی هەرسین و دانیشتووی نورئاباد بە ناوی فەرهاد وسوقی لە بەندیخانەی ناوەندیی خوڕەماوا لەژێر ئەشکەنجەی هێزە ئەمنیەکانی بەندیخانە کوژراوە. ڕۆژی یەکشەممە 7ی بەفرانباریش زیندانییەک بە ناوی “ئەکبەر مستەفا” لە زیندانی ناوەندیی ورمێ بە هۆی تووشبوون بە ڤایرۆسی کرۆنا گیانی لە دەست دا. ڕۆژی هەینی ٢٦ی بەفرانباریش “بەهمەن عوقابی” تەمەن ٣٥ ساڵ، خەڵکی گوندی “چەقاجەنگا”ی سەر بە شاری شابادی پارێزگای کرماشان کە ماوەیەک لەمەوبەر بە هۆی لێدان و ئەشكەنجەی هێزەکانی ئاگاهیی کرماشانەوە چووبووە حاڵەتی کۆما، لە نەخۆشخانەی خومەینیی ئەو شارە گیانی سپارد.
شایانی باسە لە ماوەی ساڵی ڕابردوو (١٣٩٨ی هەتاوی)ـشدا لانیکەم ٨٥٤ کەس لە خەڵکی ئاسایی و چالاکانی مەدەنی و سیاسی لە لایەن دەزگا ئەمنیەتییەکانەوە بە تۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتی و سیاسی لە دژی کۆماری ئیسلامی ڕێژیم گیرابوون.