ڕۆژێک دوای ئەوەیکە هەواڵدەریی “ئاسۆشەیتێد پرێس” هەواڵێکی بڵاو کردەوە کە ڕێژیمی ئێران هەڕەشەی لە بنکەیەکی سەرەکی هێزەکانی ئەمریکا لە خاکی ئەو وڵاتەدا کردووە، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی کۆشکی سپی بەنیسبەت ئەو هەواڵە دژکردەوەی نیشان دا.
جەیک سالیوان ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی کۆشکی سپی، ڕۆژی دووشەممە دووی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە وڵامدانەوەی پرسیارێک بە کاناڵی “ئێمئێسئێنبیسی”ی ئەمریکایی لەم بارەوە، گوتی: من نامهەوێ بەتەواوی بچمە ناو وردەکاریی زانیارییەکانەوە بەڵام، ئەوەی دەڵێم کە “جۆ بایدێن” ئەو هەڕەشەیەی کە ڕێژیمی ئێران بۆ سەر هاووڵاتی، پێرسۆنێل و ناوەندە دامەزراوە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و لەنێو خاکی ئەمریکادا کردوویەتی، بەدڵنیاییەوە بەجددی وەری دەگرێ و باجی قورسیشی دەبێ بۆ ڕێژیمی ئێران.
ناوبراو ئەوەشی زیاد کرد کە، ئێمە بۆ دڵنیایی لە بەرگری و پشتیوانی لە خۆمان، ڕێوشێنێک بۆخۆمان دەگرینە بەر و بەم مەبەستەش دەبێ بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕوون بێتەوە کە، ئەگەر هەڕەشەیەکی لەو شێوەیە ئەنجام بدات چ باجێکی قورسی دەبێ بۆی، کۆماری ئیسلامی ئێران نەک هەر بۆ وڵاتی ئەمریکا بەڵکوو بۆ ناوچەکە و جیهانیش هەڕەشەیەکی مەترسیدارە و دەبێ لەم بارەوە هاوپەیمانان هەڵوێستیان هەبێ.












