بەپێی ئەو زانیارییانەی کە بەرپرسانی دەزگای ئیتلاعاتیی ئورووپایی وەدەستیان کەوتووە، تاران کەرەستە و سەرچاوە سەرەکییەکانی بەرنامەی ناوکیی خۆی بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ناوکیی، لە چاوی لێکۆڵەرانی ڕێکخراوی نێونەتەوەیی وزە شاردۆتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی بریتانیایی” دیلی تێلێگراف”، بەرپرسێکی باڵای دەزگای ئیتلاعاتیی ئورووپا ڕایگەیاندوە کە ڕێژیمی ئێران لە هەوڵی ئەوە دایە کە چالاکییەکانی لە سەر بەرنامەیی ناوکیی و پیتاندنی ئۆرانیۆم بەشاراوەیی بهێڵێتەوە و ئیزن بە لێکۆڵەرانی ڕێکخراوی نێونەتەوەیی وزە نادا لێکۆڵینەوە لەو دامەزراوە ناوکییە شاراوانە بکەن، کە ئەمە ئەو ڕاستییەمان بۆ دەردەخا ڕێژیمی ئێران بەڵێنەکانی لە ڕێککەوتنی بەرجام پێشێل دەکا.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ئەو کەرەستانەی کە شاردراونەتەوە، سانتریفیوژە پێشکەوتووەکان و ئەو دەزگایانەیە کە بۆ پیتاندنی ئۆرانیۆم و بەرهەمهێنانی چەکیی ناوکیی کەڵکیان لێوەر دەگیردرێ.
لە درێژەی ئەم ڕاپۆرتەدا هاتووە کە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، لەهەوڵیکدا بەشێوەیی نهێنی مەوادێکیی زۆری “فیبێر کەربۆن”ی لە دامەزراوە ناوکییەکانی خۆی شاردۆتەوە کە ئەم مەوادە بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ناوکیی لە سانتریفیوژی پێشکەوتوودا کەڵکی لێوەردەگیردرێ.