کەماڵ شەریفی بەندکراوی سیاسیی و ڕۆژنامەنووسی کورد لە بەندیخانەی میناب ڕایگەیاند کە بەهۆی دۆخی ناڵەباری جەستەیی و دەرونیمەوە تاقەت وهێزی زیندام لە بەندیخانەکانی دەروەی کوردستان نییە.
بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان چاونیوز، کەماڵ شەریفی بەندکراوی سیاسیی و ڕۆژنامەنووسی خەڵکی سەقز، ڕۆژی دووشەممە ١١ی ڕەشەممەی ٩٩ی هەتاوی، لە بەندیخانەی میناب، بەهۆی جەڵتەی دڵەوە بۆ ماوەی ٤ ڕۆژ لە بەشی چاوەدێری چڕی نەخۆشخانەی ئەبولفەزل لەشاری میناب لەژیر چاوەدێری پزیشکیدا بووە و سەرەڕای دژایەتیی کردنی بەرپرسانی بەندیخانە بۆ چارەسەریی پزیشکیی ناوبراو گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی بەندەرعەباس.
کەماڵ شەریفی لە ڕێککەوتی ٢١ی ڕەشەمەی ٩٩ی هەتاوی، لەژێر چاوەدێری توندی بەرپرسانی ئەمنییەتی ڕێژیمی ئێران لە نەخۆشخانەی” محەممەدی” بەندەرعەباس، عەمەلیاتی دڵی بۆ کرا و دوای چەند ڕۆژ دووبارە گەڕێندرایەوە بۆ بەندیخانە.
هەرلەم پێوەندییەدا یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی کەماڵ شەریفی بە چاونیوزی ڕاگەیاندووە کە دوای تێپەڕینی یەک حەوتوو لە عەمەلیاتی دڵ. کەماڵ شەریفی لەدۆخێکی ناڵەباری جەستەیی و دەرونیدایە و ڕایگەیاندووە کە چیدیکە هێز و تاقەتی زیندانم لە بەندیخانەکانی دەروەی کوردستان نەماوە.