رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە نامەیەکدا بۆ ئیبراهیم ڕەئیسی، بەرپرسی دەزگای قەزایی ئێران، نووسی لە دوای تێپەڕینی سێ حەوتوو لە لەسێدارەدانی ٤چالاکیی ئەهوازی بە ناوەکانی” جاسم حەیدەری، عەلی خوسرەجی، حوسێن سێلاوی و ناسر خەفاجیان” چارەنووسی تەرمەکانیان ڕوون نییە و ئێمە داواکارین کە تەرمەکانیان بدەنەوە بە بنەماڵەکانیان.
ئەو ڕێکخراوەیە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە بەرپرسانی رێژیمی ئیران، دوای ئەوەیکە بە شێوەیەکی نهێنی ئەو ٤ چالاکەیان لە سێدارەدا، ئێستاش ڕاستییەکان لە سەر چارەنووسی تەرمی ئەو ٤چالاکە ئەهوازییە دەشارنەوە و تۆمەتبارن بە شاردنەوەی بە ئەنقەستی تەرمی ئەو چالاکانە و ئەمە کارێکی قێزەونە و جێگای پەسەند نییە.
بەپێی وتەی بنەماڵەی ئەو بەندکراوانەی کە لەسێدارەدراون، بەدوای جێبەجێکردنی حوکمی سێدارەکانیان بەشێوەیەکی نهێنی لە لایەن بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانەوە، تەرمی بەندکراوەکان نەدراوەتەوە بە بنەماڵەکانیان و بەرپرسانی ڕێژیم بە بنەماڵەکانی راگەیاندووە کە تەرمی ئەو ٤ چالاکە لە شوێنێکدا بە ناوی” لەعنەت ئاوا” بەخاکسپێردراوە و هەڕەشەیان لە بنەماڵەی ئەو چالاکانە کردووە کە نابێ هیچ جۆرە ڕێوڕەسمێک بۆ ئەوکەسانە بگرن، دەنا بەتوندترین شێوە سزا دەدرێن.