ڕێژیمی ئێران، پەرە بە دەستێوەردانەکانی و زیادکردنی هێز لە سووریە بە تایبەتی لە شاری ستراتیژیکی ئەبووکەماڵ لە سنووری نێوان سووریە وعێراق دەدا.
چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە ڕۆژی هەینی ٢٨ی ڕەشەمەی ٩٩ی هەتاوی، لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران، خەریکی کۆگاکردن وحەشاردانی چەکوچۆڵ و تەقەمەنی لە قەڵای مێژوویی” ئەلحەربە” لە نزیک شاری ئەلمەیادین و لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی دێرەزوورن.
بەپێی ئەم راپۆرتە میلیشیا چەکدارەکانی سەربە ڕێژیمی ئێران، لە ترسی هێرشی ئاسمانیی فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل، کۆگای چەک و تەقەمەنییەکانیان دەگوازنەوە بۆ قەڵای مێژوویی”ئەلحەربە” کە ئەم قەڵایە بە تایبەتیی دەپارێزرێ، چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە ڕایگەیاند کە هەرجۆرە زەرەر و زیانێک وەبەر ئەو قەڵایە بکەوێت ڕاستەوخۆ دەکەوێتە ئەستۆی ڕێژیمی ئێرانەوە.
ڕێژیمی ئێران، جیاواز لەوەیکە دەستێوەردان لە شوێنە مێژووییەکانی سووریە دەکا خەڵکی مەدەنیی سووریەشی بەهۆی سازکردنی کۆگای چەکوچۆڵ لە شوێنی نیشتەجێ بوونی خەڵک لە ناوچەکانی ئەلمەیادین و ئەبووکەماڵ ڕووبەڕووی مەترسییەکیی گەورە کردۆتەوە.
هەروەها چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە ڕایگەیاند کە لە ناوچەکانی دێرەزوور و ئەبووکەماڵ زیاتر لە ١٥هەزار چەکداری عێراقی، ئەفغانی و پاکستانی، سەربەڕێژیمی ئێران، چالاکیی چەکداری و تێرۆریستیی بەڕێوە دەبەن.












