محەممەد خاتەمی، سەرۆککۆماری پێشووی ئێران، لە نوێترین قسەکانیدا بە بۆنەی هاتنی ساڵی تازەوە وتی: پێمخۆشە بە جێگای پیرۆزبایی لە خەڵک، بۆ هەموو ئەو کێشە وگرفتانەی کە خەڵک تووشی بوون داوای لێبوردنیان لێبکەم و دەبێ هەموو دەسەڵاتدارانی سیاسیی لە ئێراندا داوای لێبوردنی گشتیی لە خەڵکی ئێران بکەن.
ناوبراو لە درێژەدا وتی: چ ئەو کەسانەی کە ئێستا لە دەسەڵاتدان لە ئێران و چ ئەوکەسانەی کە دەسەڵاتیان نییە و چ ئەوکەسانەی کە لە ئێراندا دەسەڵاتی بێ سنووریان هەیە دەبێ داوای لێبوردن لە هەموو خەڵکی ئێران بکەن.
خاتەمی دەڵێ: هەرچەند من هیچ دەسەڵاتێکی سیاسییم لە ئێراندا نییە بەڵام بەش بە حاڵی خۆم بۆ هەموو ئەو دەرد و نەهامەتییە و ئەو قەیرانانەی کە تووشی خەڵکی ئێران بووە داوای لێبوردن لە هەموو خەڵکی ئێران دەکەم.
هەروەها خاتەمی ڕووبە خامنەیی وتی: دەبێ تاکاتێک بۆخۆت لە ژیاندا ماوی کێشەی بەرپرسانی بزوتنەوەی سەوز کە لە ئیستادا لە ماڵەکانیان بەندکراون چارەسەر بکەی، دەنا دوای مردنی تۆ ئەو کێشەیە زیاتر پەرە دەستێنێ.