ئاڤیۆ کۆخاوی، فەرماندەیی گشتیی ئەرتەشی ئیسرائیل، شەوی هەینی ٢٨ی ڕەشەمەی ٩٩ی هەتاوی، بە هەواڵدەرییەکانی ئیسرائیلی ڕاگەیاند کە میلیشیا تێرۆریستەکانی حیزبوڵلا لوبنانیان بە بارمتە گرتووە.
لە لایەکی دیکەوە ئیسرائیل هەزاران ئامانجی حیزبوڵلای لە لوبنان دەستنیشان کردووە کە دەتوانێ لە ناویان ببا.
کۆخاوی لە درێژەدا وتی: میلیشیاکانی حیزبوڵلا بە هەزاران مووشەکیان لە کۆگاکانی شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکی مەدەنیی حەشارداوە و ئامادەن کە شوێنە مەدەنییەکانی ئیسرائیل کە خەڵکی ئاسایی لێ نیشتەجێن بکەنە ئامانج.
ناوبراو هەروەها ڕایگەیاند کە ئیسرائیل هێزی ئەوی هەیە کە بە شێوەیەکی بەربڵاو حیزبوڵلا بکاتە ئامانج و ئەو ڕۆژەی کە بمانهەوێت هێرش بکەینە سەر حیزبوڵلا، ئەو شوێنانەی کە کۆگای چەکوچۆڵ و کۆگای مووشەکیی میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە لوبنانن بە بێ هێچ دوودڵییەک بوردمانی دەکەین.
هەرلەم پێوەندییەدا بێنی گانتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، ماوەیەک لەمەو پێش ڕایگەیاندبوو کە ئەگەر حیزبوڵلای لوبنان بیهەوێت هێرش بکاتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل، ئەوە بە توندترین شێوە وڵامی حیزبوڵلا دەدەینەوە و وڵامی ئێمە بۆ خەڵکی لوبنان کە خانووەکانی خۆیان کردۆتە کۆگای چەکوچۆڵ و مووشەکیی حیزبوڵلا زۆر مەترسیدار دەبێ.