کتێبی “مێژووی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان”م لەبەردەستدا بوو کە پێیدا بچمەوە. بەرگی سێهەمەکەی دەڵێم. باسی سەردەمی زێڕینی شێعر و ئەدەبی نەتەوەیی ئەو دەوران دەکا. هەڵسەنگاندن و چۆنیەتیی کتێبەکە مەبەستی بابەتەکەم نییە. ئەوەی بەلامەوە گرینگە، بە خوێندنەوەی شێعرەکانی نێو گۆڤارەکانی ئەو سەردەمە لەو کتێبەدا، هەستم دەکرد فیلمێکی دێکیۆمێنتاری سەبارەت بە هەموو ئاڵوگۆڕەکانی قەوماو دەبینم. چاوەڕوانییەکانی کۆمەڵگە، ئەرکی مرۆڤەکان، نەخشی کەسایەتییەکان، ڕۆڵی کاریگەریی زلهێزەکان، لێکدانەوەی هەڵە و هەلەکان و قۆستنەوەی فرسەتەکان و کۆمەڵە بابەتێکی سیاسی – کۆمەڵایەتیی تریش لە هەناوی شێعرەکاندا سەرنجیان ڕاکێشام. لەوێدا، ڕەوتی ئاڵوگۆڕەکان هەنگاو بە هەنگاو دەچێتە پێش. سەرەتا دەبوایە کەسایەتییە خاوەن قەڵەمەکان بە هەموو شێوازێک ئازاری مرۆڤەکان بێننە سەر کاغەز و بە بانگ و سەڵا بە خەڵکیش بڵێن برینەکان چەندە بەژانن. پاشان پێویست بووە نێوەندێک هەبێ ئەو پۆلە ڕووناکبیرە کۆکاتەوە و هاواری گشتیان فۆرمۆلە بکا و بیکاتە یەک بانگەوازی کۆنکرێت و پردی نێوان ئەوان و خەڵکی ئاساییش دامەزرێنێ. قەڵەمەکان ئەوجار کاریان کردووە کە خەڵک لە ئازاری زامەکانیان تێبگەیەنن. ئەوە هەنگاوی یەکەم بووە. خەڵک تا ئەو سەردەمە چ وەکوو هەواڵ بیستبێتیان و چ بە چاوی خۆیان دیتبێتیان، یا بە جەستە دەردەکەیان چێشتبێ، کەموزۆر زانیویانە چەوسانەوە چۆن برینێکە. بەڵام قسەوباس و کڕووزانەوەی نێو ژوورە داخراوەکان کە چارەی هیچ گرفتێکی نەکردووە، پێویست بووە بەرەبەرە ببنە بنەما بۆ بنیاتنانی دامەزراوەیەک کە بتوانی هەموویان لە دەوری خۆی کۆ بکاتەوە. لە شێعرەکاندا ڕەوتی ئەو بنیاتنانە بە ڕوونی دیارە. شاعیرەکان سەرەتا هەوڵیان داوە ئازارەکان دەستنیشان بکەن و پاشان تێکۆشاون خەڵک بە مەینەتی ژێردەستەبوون ئاشنا بکەن. بۆ وێنە لە لاپەڕەی ٩ی ژمارە ١ی “نیشتمان”دا، م. م هوشەنگ ئهندامی ژماره 16ی کۆمهڵهی ژ_ک که دهبێ محهممهد مهجدی بێ، له توێی شێعرێکدا وەهای نووسیوە:
… تا دهبینم میللهتی کوردی فهقیر و سهر ههژار
بێزمان و بێکهس و بێکۆمهگ و بێ کاروبار
ژیر چهپۆکی میللهتی دی ڕادهبوێرن ڕۆژگار
ئاوی چاوم ههر وهکوو گۆزهی سهرووژێر دێته خوار…
دیارە نابێ پێمانوابێ کە ئەو کۆمەڵە ڕووناکبیرەی لەمەر ئازارەکان نووسیویانە، تەنیا شاعیر و نووسەری ئاسایی بوونە و هەر بە نووسینەکەیان قەناعەتیان هێناوە و تەواو، نەخێر، زۆربەی هەرە زۆریان سەڕەڕای مەترسیی گیران و دەستبەسەربوونی ئەو سەردەمە، زۆر چالاک بوونەتە ئەندامی کۆمەڵەی (ژ _ ک) و کاریان بۆ ئامانجەکانیان کردووە و لە نووسینەکانیشیاندا ڕێگەچارەیان پێشنیار کردووە. ئەوەتا محەممەدی مەجدی سەرەڕای دەستنیشانکردنی ئازارەکان، لە درێژەی شێعرەکەیدا خەڵک هان دەدا:
… ئەورۆ ڕۆژێکە کە نابێ دانیشین ڕەنجەڕۆ
یا عەدوو بین بۆ تەماعی ماڵی دونیا خۆبەخۆ
موتمەئین کەن یەکتری بە قسەی پڕوپووچوو درۆ
ڕۆژێ مەیدان و عەمەلە بگرن هەموو ڕێگەی قەرار…
یا وەک هێمنی شاعیر له لاپەڕەی ١٣ی گۆڤاری “نیشتیمان”ی ژماره ٢، لە بەشی گەنجیینەی ئەدەبییاتدا بەدڵ دەگری و دەڵێ:
ئەم هەڵبەستەی ژیرەوە چەند دڵۆپە فرمێسکێکە کە لە شینی شەهیدانی ڕێگای سەربەخۆیی کورددا ڕشتوومە و پێموایە هەموو کوردێک چ خوێنگەرم بێت و چ خوێنسارد بە خوێندنەوەی شێعرەکان بێئیختیار فرمێسک دەڕێژێ و تووک و لەعنەت دەکا لەم مەحکەمە مەنحووسە کە تروسکەی هیوای کوردی کوژاندەوە و سەربەخۆیی کوردستانی وەدواخست، بێ سووچ و تاوان ئەمری هەڵاوەسینی جەنابی شێخ عەبدولقادر و هاوڕێیەکانی دەرکرد و لە شینی ئەواندا نەتەوەی کوردی بۆ هەمیشە دەستەو ئەژنۆ دانا.
…دوێ شەوێ گریام هەتا ڕۆژ، پێت بڵێم بۆچی برا
مەحکەمەی مەنحووسی ئیستیقلال وەبیرم هاتەوە
ڕیزیان بەستبوو لە پێش چاوی منا گشتی هەموو
ئەم شەهیدانەی کە خنکاون بەسەد ئاواتەوە…
دەنگی پڕ لە هاواری ڕاپەڕین، واتە دەنگی گۆڤاری “نیشتمان” ئەوەندە بەسۆز بووە، کە تەنانەت گەیشتووەتە گەرمێنیش. لەوێ زیوەر چەشنی محەممەد مەجدی قەڵەم تاو دەدا و دەنووسێ و بۆ “نیشتمان”ی کوێستانی دەنێرێ و دەڵێ:
خەوی خهرگووشی ههتا کهی وهعدهیی بێدارییه
دوژمنی خۆت و مناڵت ئهژدههای بێکارییه
وا بهجێ ماوی له خێڵ ناگهیته کوێستانی مراد
کورده سادهی غیرهتێ، غیرهت بهری دیندارییه
ئهجنهبی باری گهیانده مهنزڵی ئهمن و ئهمان
تۆش له نێو قوڕدا چهقیوی عهیش و نۆشت زارییه…
پاش لێڕوانینێکی قووڵ دەبینین سەرەتا باسی دەردەکان کراوە. ئەوجار ڕیزبەندیی گرفتەکان هاتووەتە گۆڕێ و دواجاریش کار بۆ چارەسەرکردنیان بووە بە ئامانج. قانع یەک لەو شاعیرانەیە پەنجەی بۆ دەردی کوردی ئەو دەورەیە ڕاکێشاوە و زۆر جوان دەستەبەندی کردوون و بۆ گۆڤاری “نیشتمان”ی ژماره ٥ی ناردووە و لە بەشی گەنجینەی ئەدەبییاتدا بەناوی “چوار”ی قانع بڵاوکراوەتەوە:
چوار شتن ئهوڕۆ که بوونه نهگبهتیی کوردی ههژار
جههل یهک، بێعهقڵی دوو، دڵ پیسی سێ، دەعوا چوار
مهنعی پێشکهوتن ئهکهن لهم خاکمانه چوار گرووه
سۆفی یهک، دهروێش دوو، بهگزاده سێ، ئاغا چوار
یادگاری ڕەنجی پەنجەی کوردەکانە چوار ئەساس
قەسر یەک، ئاراس دوو، شامات سێ، بەغدا چوار
باز بووم باڵی شکاندم چوار بهڵای نهحسی خراپ
خانهقا یهک، تهکیه دوو، عهمامه سێ، عەبا چوار…
هەروەک پێشتر ئاماژەم پێ کرد، ڕووناکبیرانی گەرمێن و کوێستان هەر بە هاوار و نووسین نەوێستاون و قۆڵی هیممەتیان لێهەڵماڵیوە. سەرەتا نووخبەکانی ڕۆژهەڵاتی، کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردیان دامەزراندووە و هەوڵیان داوە ئەو ڕێکخراوە نوێیە بەرەبەرە بەرنە نێو کۆمەڵگە، بۆوەی هەم ڕیشە داکوتێ و هەم بە شێوەی کاری ئەرکی ڕزگاریی کوردستان وەستۆ بگرێ و لە کۆتاییشدا پێوەندی خۆی لەگەڵ بەشەکانیتری کوردستان پتەو بکا. بەڵگەی شێعر لەو بارەوە ئەوەیە کە له لاپەڕەی ٢٠ی گۆڤاری “نیشتمان”ی ژماره ٣ و ٤ لە بەشی گەنجیینەی ئەدەبییاتدا لەلایەن شاعیرێکی نەناسراوەوە هاتووە:
ئەی خودایا بۆم بنێری قاسدێکی سینە ساف
بچتە خزمەت کۆمەڵی هیوا و حەڕفی “ژێ و کاف”
گیر نەبێ بڕوا لە قەولی من بچێ پێیان بڵێ
ئەی مودیری ئیتحاد و ئەی مەداری ئیئتلاف
من لە داخی کوردی بەد ئەخلاق و بێ عیلم و سەواد
یا دەبێ بمرم وە یا هیجرەت بکەم بۆ کێوی قاف…
دوای ئەویش هەژاری نەمر کە خاوەن ناسناوی ” ع. هەژار ٢٠ “ە له لاپەڕەی ٢٢ی گۆڤاری “نیشتمان”ی ژماره ٣ و ٤ لە بەشی گەنجیینەی ئەدەبییاتدا شێعرێکی لەژێر سەردێری “مەڕامی کۆمەڵەکەم دینگە” هەیە و دەڵێ:
لە خۆشیی کۆمەڵەوە چەندە خۆش ورینگە ورینگم
بزانە کوردە ئەمن کێم کە هێندە ژیر و زرینگم
بە ڕێی نەجاتی وەتەندا دەڕۆم بە عەزمی مەتین
مەحافیزی وەتەن ئەمنم مەتاڵی گوللەیە سینگم…
لە ڕەوتی پێشوەچوونەکاندا دەبینین، کۆمەڵەی ژ _ ک دادەمەزرێ و ڕێشەی دادەکوتێ و دڵسۆزانی ئەو سینگی خۆیان بۆی دەکەن بە مەتاڵ. شێعرەکان پەردە پەردەی ئەو فیلمە دراماتیکە پیشانی ئێمە دەدەن. زۆر ناخایەنێ ئەوجار هەست بە بێدەسەڵاتیی هێزەکانی سەرکوتکەری ڕەزاشای پەهلەوی دەکرێ و ڕەوتی ئاڵوگۆڕەکان خێراتر دەبێ و کورد دەکەوێتە نێو گەمەی سیاسی دراوسێیەکان. بۆیە ڕووناکبیران وەخۆ دەکەون و زەمزەمەی خۆ بەدەوڵەتکردن بەرەبەرە دێننە گۆڕێ:
برا بیری چرایەکی بکەن تاریکە شەو دادێ
قیامێکی بکەن تا فرسەتە بیکەن بە جەمهووری
کەسێ میللەت پەرەست و خاوەنی فیکر و سیاسەت بێ
تەرەقیی میللەت و ئاسایشە مەقسوود و مەنزووری
بە فیتت بێ لە باوش ناگرێ قەت شاهیدی مەقسوود
هەتاکوو پێ نەنێیە مڵکی ئازادی بە مەسرووری
وەدەست ناکەوێ ئازادی و شادی بە ئاسانی
کە هەنگوین ناخورێ بێ ئیشی ڕیشی نیشی زەنبووری….
یا وەک له گۆڤاری “نیشتیمان”ی ژماره ٦، لە بەشی گەنجینەی ئەدەبییات و لە شێعری “کەمی ماوە”دا تێدەگەین چ باسە و بوێژێکی ناودار بە ناسناوی (ل.ب) پێمان دەڵێ:
لە شەوقی نیشتمان و شوعلەی ئەستێرەی گەلاوێژە
برینی ڕووح و قەلب و قالبم فیلجومە لە ساڕێژە
ئەگەر باوەڕ دەکەن یاران سەدای تەپڵی بەشارەت دێ
مەڵێن ئەو شاعیرە دێوانەیە یا شێتە یا گێژە
لە میوەی باغی ئازادی کەسێک بخوا دەکا تەسدیق
کە میوەی جەننەتە هاتۆتە دونیا هەستە بیچێژە
کەسێ مونکیر بە ئازادی و بە ئیستقلالی میللەت بێ
بە سووڕەت زیندووە دڵ مردووە بینێژە بینێژە…
لە درێژەی خوێندنەوەی شێعرەکاندا، دەبینین بەدوای ئاڵوگۆڕە خێرا و ناوچەییەکاندا، پتر هەست بە خەباتێکی ئاشکرا خۆی دەنوێنێ. ڕووناکبیران پێویست بووە زەنگوڵەی ئەو دەستپێکەش بزرینگێننەوە و بە جاڕی ئاشکرایان خەڵک زیادتر هان بدەن. وەک لە بەستە شێعری شاعیری ناسراو بە ناسناوی (ل.ب)دا هاتووە و باس لە ئەستێرەی پڕشنگداری گەلاوێژ دەکا، زۆر ناخایەنێ کۆمەڵەی ژێکاف جێی خۆی بە حیزبی دێموکرات دەسپێرێ و قازی محەممەد دەبێتە پێشەوا. کاتێک لە گۆڤاری ژمارە ١ی “کوردستان”دا باسی دامەزرانی حیزب و گرتنی کۆنگرەی ١ لە ڕۆژی ٢/ ٨/ ١٣٢٤ دا کراوە کە سەران و نوێنەرانی کورد تێیدا بەشدار بوون و لەسەر دامەزرانی لکەکانی حیزبی دێموکرات و دیاریکردنی نوێنەرەکانیان ڕاوێژیان کردووە، هەژار خێرا هاتووەتە مەیدان و لەو گۆڤارەدا شێعری “دێموکراتمان دەوێ”ی نووسیوە:
حیزبێکی ساز دەکەین و دیمۆکراتمان دەوێ
فارس چلۆنە کورد دەیەوێ بێ وەکوو ئەوان
مەئموور لە خۆم بێ هەرچی گوتی چاکە تێی دەگەم
خوێندن زمانی خۆم بێ گەلێک زووی دەکەم ڕەوان
گەر حاسڵم لە خۆمی خەرج کەم چ زوو دەبێ
دانێم مەتەب لە شاری و مەکتەب لە دێیەکان…
یا خاڵەمین کە لە کۆبوونەوەی ڕۆژی ٢٤/٨/٢٤ دا ئەم شێعرە دەخوێنێتەوە:
ڕەبی پیرۆز بێ لێتان حیزب لە نوێ
چنار تۆوییەکی بەو زوانە دەڕوێ…
هێمنیش بەدوای خاڵەمین و لە ژمارە ٢ی گۆڤاری “کوردستان”دا خێرا دێتەگۆ و دەڵێ:
مزگێنیم دهیه دهگهی به ئاوات
كورده له سایهی حیزبی دێموكرات
حیزبی دێموكرات تۆ دهدا نهجات
پیادهی ئهو شاهی دوژمن دهكا مات
بژی دێموكرات، بژی دێموكرات ….
هەرتەنیا حیزبی دێموکرات و ئامانجەکانی ئەو ڕێکخراوە مەبەستی شاعیرەکان نەبووە، بەڵکوو کەسایەتیی پێشەوای نەمریش وەکوو ڕێبەرێکی کاریزما بووەتە هەوێنی شێعرییان. ئەگەر سەیری ڕووپەڕی یەکەمی گۆڤاری ژمارە ٣ی “کوردستان” بکەین، لە سەرەتادا و ڕاست لە ژێرەوەی وێنەی پێشەوا ئەو شیعرەی خاڵەمین دەبینین:
باسێکی خۆش دەزانم و وا پێت دەڵێم گوڵم
تێکەڵی بکەی شەبەقی ڕووت و ڕەنگی خۆت
بیستووتە پێشەوای مە قازی محەممەدە
وهـ وهـ دە تێیکە پیاڵەی، نەشئەی سەرم بزووت…
بە خوێندنەوەی پارچە شێعری خاڵەمین و چەند شاعیریتر بۆمان دەردەکەوێ پێشەوا و ڕێبەر و ڕێکخراوی خاوەن دەسەڵات، ئەو کۆمەڵە پێویستییە بوونە کە لەو فەترە مێژووییەدا توانیویانە ئامانجەکان بپێکن. گۆڕینی ژێکاف بۆ حیزبی دێموکرات، دیاریکردنی کەسایەتییەکی وەکوو قازی محەممەد بە پێشەوایەتی و سەیرکردن و لێکدانەوەی ئاڵوگۆڕەکانی ناوچەیی سێ جووڵەی بەرچاوی سیاسییەکانی ئەو قۆناخەن. بۆ هەر سێ کردەش بەوپەڕی دڵسۆزی و دڵپاکییەوە هەنگاویان ناوەتەوە. ڕەوتی خێرای ڕووداوەکان و دەنگدانەوەی پێشکەوتنەکان لەلایەک و هەڵکرانی ئاڵا و ڕاگەیاندنی کۆمار لە فیلمی درامای نێو شێعرەکان، خەڵکی دەرەوەی ساحەی موکریان وەخۆدەخا. کوردانی دەوروبەری کۆمار چاو دەبڕنە چوارچرای مەهاباد و ئاڵای کوردستان. بە حەسڕەتەوە چاوەڕوانی ئەو ڕۆژەن ئەو ئەزموونە سەرکەوێ و بتوانێ ئەوانیش ئازاد بکا و بیانهێنێتە ژێر ئاڵای سێ ڕەنگ. وەک لە گۆڤاری “کوردستان”ی زمانحاڵی حیزبی دێموکرات و کۆمار دەبیستین، خەڵکی “جنووبی کوردستان”، واتە سنە و کرماشان و ئیلام، جیا لە ئارەزووی سەرکەوتن بۆ دەوڵەتی کوردی بەردەوام داوای ڕزگاریی بەشەکانیتریش دەکەن. ماموستا هێدی کە خاوەن ناسناوی “شێواو” بووە لە وڵامی کەسێکیتردا قەسیدەیەک دەنووسێ و لە ژمارەکانی ٢٠ و ٢١ی ڕۆژنامەی کوردستاندا بڵاویدەکاتەوە. ئەو کەسە ناسناوی “ڕۆژهەڵاتی” هەبووە. هێدی لە سەرەتادا هاوسۆزی دەکا:
برای ڕۆژهەڵات پەیامەکەی تۆ
گەیشت و لە دڵم هەڵیساند بۆسۆ
کاتێ کە دیتم زۆر بێ قەراری
لە دەس عەجەمتە گریان و زاری
بە ئاوری مەیلت کوڵی دڵەکەم
سیس بووە دیسان گەڵای گوڵەکەم
چون من بۆخۆشم دەزانم دیلی
ژێردەستی و کزی و ماتی و زەلیلی…
ئەوجار لە کۆتا بەیتەکاندا ورەبەرزیی خۆی دەنوێنی و عەتفی خۆی بەرامبەر کۆمار و ئاڵا و پێشەوا بەیان دەکا:
لەژێر فەرمانی پێشەوای بەرزا
کێو بێ دەیکێشین بە سەرڕووی عەرزا
ئاڵای سێ ڕەنگی لە هەموو لایە
هەر جێ بڵیند و بەرز و چیایە
هەڵدەکەم دەگرم جێژنی ئازادی
با دوژمن بمرێ بەبێ مرادی
سەر (شێواو) یەکەت ببێتە جێژن
دوژمن تاڵاوی مەرگ بچێژن
لە سەرەتادا گوتم بەسەرهاتێکی دراماتیکە. ئاخر، سەرەتایەکی پڕ لە شادی و هومێد، بەرەبەرە ڕووەو شەڕ و خوێن دەچێ. ستالینێکی ئەو گشتە لە شێعرەکاندا مەدحی دەکرێ، لە ژێرەوە سەرقاڵی مامەڵەیەکیترە کە دواتر خوێنی لێدەچۆڕێ. بۆ چۆڕە نەوتێک، خەونەکان وێران دەکا، بەتایبەت خەونی کورد و ئازەرییەکان. کورد هاوکات کە نیگەرانە، بەڵام بە حوڕمەتەوە باسی چوونەدەری ئۆردووی سوور دەکا. هێمن یەک لەو کەسانەیە کە لە شەوی ١٢/٢/٢٥ لە مەجلیسی شێعردا بە مناسبەتی ڕۆیینی لەشکری سوور ئاوا دەدوێ:
ئهی لهشکری سوور ئهی ئوردووی زهفهر
ئێستا که دهڕۆی لێره دهچیه دهر
خودات دهگهڵ بێ و ئهوهی بزانه
جێی تۆ ههمیشه دڵی کوردانه
ئهی ئهو فرشتهی کوردت کرد ئازاد
له ژێر پهنجهی دێوی ئیستیبداد
لهوهی به دواوهش قهت مهیکه له بیر
حهیفه به تهنها کورد ببێ یهخسیر…
دوای ئەو ماڵاواییە، کوردەکان چاو دەبڕنە هیممەتی لەشکری پێشمەرگە و ڕێبەریی پێشەوا. شەڕ و وێرانی دەست پێ دەکاتەوە. هیوا و شادییەکان جێی خۆیان دەدەن بە شیوەنی شەهیدەکان. هێمن لە گشتیان بە سۆزتر دەگری. ئەو بە بۆنەی شەهیدبوونی خۆشەوی خەلیل، پێشمەرگەی قارەمانی بارزانی لە ڕۆژی ٢٥/٣/١٣٢٥دا، “خوونچهی خوێنین” دەهۆنێتەوە و لە ژماره 62ی ڕۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاوی دەکاتەوە:
…گوڵ چ گوڵ هەموو تێر ئاو و بژوێن
گوڵ چ گوڵ هەمووی وەکوو پتی خوێن
بۆنیان دەڕۆیی تۆمار بە تۆمار
بۆنی وان منی کرد مەست و خومار
لە نێویان دا بوو خونچێکی تازەش
تک تک لێیدەتکا خوێنی سوور و گەش
دیتم نووسراوە لە پەلکێکی وی
بە خەتی خوێنین نێوی (خۆشەوی)
زۆر ناخایەنێ و لە شەوی ٢٦/٤/١٣٢٥ دا “شین” بۆ نانەوازادەش دەگێڕێ و بۆ ژمارە ٧١ی ڕۆژنامەی کوردستانی دەنێرێ:
…گەردوون ئاگرت بکەوێتە ماڵ
گڕ گڕ بسووتێ بێتە کۆی زوخاڵ
بڕژێ بەسەرتا کۆستی بێ وادە
هەر وەکوو مەرگی نانەوازادە
دوای شەڕ و پاشەکشەی هێزە کوردییەکان، گرتن و ئیعدامی ئەکتەرە ڕەسەنەکانی ئەو درامایە دەست پێ دەکا. پەردەی کۆتایی کۆمار هەرچەند لە ڕادەبەدەر دڵتەزێنە، هەرچەند هیچ هومێدێک بۆ داهاتوو نەماوە، بەڵام زێڕوەشانی دایکی سێ کوڕی شەهید لە عەشیرەتی فەیزوڵابەگی وەک سیمبولی قارەمانانی ئەو بنەماڵەیە باری لاری دوایین بەسەرهاتی دڵتەزێنی ئەو درامایە بە ورەی خۆی ڕاستدەکاتەوە. پێشەواش بە نۆرەی خۆی، چ لە کاتی دادگاییدا و چ لە وەختی لەسێدارەدرانی، هەست و وەسیەتێک بە میرات جێ دەهێڵێ کە لە ڕۆمانی جێماو بۆ وەچەی داهاتوودا دەبێتە پڕنێوەرۆکترین وانە و شۆڕش و دەستکەوتیتری لێدەکەوێتەوە. ئەوە ئەو دراما ڕاستەقینەیە بوو کە من لەنێو شێعرەکاندا بەدیم کرد و دڵنیام وەک چۆن تا ئێستا بووەتە هەوێنی خۆڕاگری و ڕاپەڕین، لە داهاتووشدا نەخشی کاریگەری خۆی دەگێڕێ.