نەوڕۆز و سەری ساڵ وەک هێمای نوێبوونەوە و زیندووبوونەوەی سروشت و کۆتاییهاتنی سەرما و سۆڵە و سەرکەوتنی بەهار و خۆشی، موژدە بەخشینە بە سروشت بۆ خۆڕازاندنەوە لە ورزی نوێی ساڵدا.
لە دێڕ زەمانەوە لەنێو کورد وەک نەتەوەیەکی خاوەن مێژوو و چاند کە شارستانیەتی زێڕین و زەنگینی هەیە، نەورۆز و سەری ساڵ وەک جێژنی ژیانەوە و نوێبوونەوە پیرۆز ڕاگیراوە و بە سەما و شادی پێشوازییان لێکردوە و ئێستا وەک بەشێک لە شوناس و کولتووری نەتەوەیی کورد ئەم نەریتە درێژەی هەیە. نەورۆز بەڵام هاوکات لەگەڵ نوێبوونەوەی سروشت بۆ گەلی کورد هەڵگری پەیام و ڕەساڵەتی ڕزگاری و ئازادییشە.
کورد وەک هەر گەلێکی سەر گۆی ئەم زەوییە هەڵگری توخمی شوناسی نەتەوەیی خۆی وەک خاک، خەڵک و دەسەڵات و ویستی مافویستی بووە و ئێستاش سەڕەرای داگیرکرانی نیشتمان و نەتەوەکەمان و هەوڵدانی سیستماتیک بۆ تێکدانی ژیار و شوناس و ئاسیمیلەکردنی زمان و داب و نەریتمان ئەم هێمایە بۆ کورد زیندوویە و کورد لە هەموو قۆناغەکانی داگیرکاریی سەفەوی و عوسمانیدا و هەتا ئێستا ماهییەت و چییەتیی خۆی وەک هەر نەتەوەیەکی دیکە پاراستووە.
هەرچەند پڕۆسەی داگیرکاری سەبارەت بە گەلی کورد مێژوو و واقعێکی جیاوازتر لە گەل هەموو ئەو نەتەوانەی هەیە کە لە مێژوودا تووشی پرۆسەی کڵۆنیالیزمی ناوچەیی و نێونەتەوەیی بوونەتەوە. بەتایبەت کڵۆنیالیزمی جیهانی وەک بریتانیا و فەرانسە لە ناوچە جیاوازتر لە نەتەوەکانی دیکە وەک عەڕەبەکان کە لە قۆتاغێکی مێژووییدا لەژێر هێژمۆنی داگیرکاریی ئەو دوو وڵاتەدا بوون، بەڵام دواتر سەربەخۆیی وەک ماف بۆ عەڕەبەکان دابین کرا. کەچی لەپێوەندی لەگەڵ کورد و کوردستاندا، داگیرکاریی ئایینی جێگای خۆی بە داگیرکاریی جیهانی لە پارادایمی سیاسی-ئابووریدا دەدا .
ئێستاش پاش پتر لە یەک سەدە لە ڕێککەوتنی سایکس-پیکۆ کە کوردستان لە دوو بەشەوە، بە سەر چوار پارچەدا دابەش کرا، پرسی مافخوازیی کورد مۆتەکەی سەرشانی داگیرکەرانی کوردستانە و بە هەموو شێوەیەک دژی دەوەستنەوە. لە خۆڕا نییە کە ئەوان بە هەموو میکانیزمێک هەوڵ بۆ پێشگرتن بە یەکگرتوویی و ڕزگاری و ئازادی نەتەوەی کورد دەدەن، چونکی ئەوکات ئامرازێک نامێنێ هەتا بوون و ئۆتۆریتەی داگیرکاری و دەسەڵاتخوازیی خۆیانی پێ بەڕێوە بەرن، بۆیە پرۆسەی داگیرکاری و ئاسیمیلاسیۆن گەلی کورد بە ماکەی مانەوە و ڕەوایی خۆیان دەزانن و دەستهەڵگرتن لە داگیرکاری بۆ ئەوان هێڵی سوورە. وەک ئاڵمانی و ئیتالیای سەردەمی نازیسم و فاشیزم کە بە هەمان ئەقڵییەت و زێهنییەت مامەڵەیان لە گەڵ نەتەوەی جوولەکە دەکرد.
بەڵام لەملاش گەلی کورد پێ بە پێی پرۆسەی داگیرکاری خاوەندارەتیی لە مان و مەوجوودییەتی خۆی کردووە و مێرخاسانی کورد لە هەموو قۆناغەکان بە پێگەیشتوویی و تێگەیشتووییان، لە ڕووی بەڕێکخستن کردنی نەتەوە و دروستکردنی بزووتنەوەی نیشتمانی، سیاسەتی داگیرکەرانیان بەرپەرچ داوەتەوە و ڕۆح و لۆژیکی تەسلیم نەبوون و ڕابوونیان لەنێو کورددا بە دڕێژایی مێژوو لە بڵێسەدا ڕاگرتووە .
فەلسەفەی نەورۆز کە ڕزگاری لە دیلی و ستەم و ئازاد ژیانی ئامانج بێت، کوردیش نەورۆز ئاسا و بە فەلسەفەی نەورۆزەوە خەبات و تێکۆشانی فڕەڕەهەندی خۆی بۆ ڕزگاری و ئازادی کردووە و هەموو دەرفەتێکی دژی ستەم بۆ سەربەخۆبوون بەکار هێناوە. خۆ ڕاستە هەتا ئێستاش ڕزگاری نەبووە، بەڵام بە ڕۆح و هزری شۆڕشگێڕ بوونی و لەمەیداندا بوونی بە خاوەنداریەتی لە بەها و ئامانجەکانی، ئێزنی نەداوە خەونەکانی دەوڵەت-نەتەوەی سەردەست وەدی بێن.
ئیستاش پاش چەند سەدە لە داگیرکرانی نەتەوە و نیشتمانمان، ئەندێشە و جیهانبینیی کوردتەوەری بۆ هەموو تاکێکی کورد مانیفێست و فەلسەفەی ژیان کردنە و بە ڕێگای سەخت ئامێری و نەرم ئامێری لەنێو نەتەوەی کورد بۆ بەدیهێنانی ڕزگاری و مسۆگەرکردنی ئازادی تێکۆشان بێوچان دەکرێ. هەر تاکێکی کورد بە هزری نەورۆزەوە بەدژی داگیرکەرانی کوردستان دەیهەوێ جەور و ستەمی حکوومەتیی داسەپاو لەسەر کوردستان نەهێڵێ و ئیدۆئۆڵۆگ و ڕێبەرانی کورد بە خوێندنەوەیەکی ڕێئالیستانەی کوردانە کە لەگەڵ بەها و بایەخەکانی کورد یەک بگرێتەوە، خاوەنداریەتی لە ماف و کەرامەتی ئەو گەلە دەکەن .
بۆیە لەسەر ئەساسی ئەم ئاگامەندییە نەتەوەییە دەبینین ئێستاش بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردستان بە پێشەنگایەتیی حیزبێکی وەک حیزبی دێموکراتی کوردستان و بزووتنەوی مەدەنی بۆ تێکشکاندنی ڕۆح و لۆژیکی داگیرکەران بەرەوپێش دەڕوا و سەنگەری خەباتی سیاسی- مەدەنی لە کوردستان ئاوەدانە.
ئەگەر ئەمڕۆ سیاچاڵەکانی دوژمن پڕن لە مرۆڤی ئازادیخوازی کورد، ئەوە پێداگرتنە لەسەر مەنتقی ڕزگاری و ئازادی، بۆیەشە دوژمن بە میلیتاریزەکردنی کوردستان، ئێعدام و کوشتنی تێکۆشەری کورد کە ئەوپەری دڕەندەیی لە خۆی نیشان دەدا، تووشی چەقبەستوویی هاتووە و لە بەرامبەر بەرخۆدانی نەورۆزئاسای ڕۆڵەکانی کورد دەستەوەستانە.
تاکی کوردیش بۆ ڕزگاری و ئازادی بڕیاری تەواوی داوە کە لە پێناو ئازاد ژیاندا بمرێ و ژینی دیل و ژێردەستەیی و ستەمی داگیرکەرانی کوردستان قبوول نەکا.
بەمجۆرە فەلسەفەی نەورۆز بۆ کورد پاڕادایمی ڕزگاری و بەدیهێنانی ئازادییە، چونکی دەزانێ و دەخوازێ بە تێپەڕاندنی هێژمۆن و ئۆتۆریتەی سیستمی داگیرکەران لە قۆناغی هەبوو ڕزگاری بێ و ڕزگاربوون لە ستەمی داگیرکەران بە سەرەتای ئازادی دەزانێ.