ڕۆژنامەی “جمهووری ئیسلامی”: ئەگەر ئەندامانی سپا ببن بە سەرۆککۆمار وەک ئاخوندەکان لە بەر چاوی خەڵک دکەون.
ڕۆژی ٢٤ی ڕەشەمەی ٩٩ی هەتاوی، ڕۆژنامەی ” جمهووری ئیسلامی” لە سەردێڕی ڕۆژنامەی ئەو ڕۆژەی خۆیدا ڕوو بەو ئەندامانەی سپای پاسداران نووسی:” لە کاتێکدا کە ئەندامێکی سپا خۆی بۆ پۆستی سەرۆککۆماریی هەڵبژێری و ببێ بە سەرۆککۆمار خەڵک تەواوی کێشە، پێشێلکارییەکان، قەیرانی ئابووریی، بێکاری، کێشە و گرفتەکانی کۆمەڵگە دەخەنە ئەستۆی سپای پاسداران، و ئەو ناوەندە لە پێشچاوی خەڵکی دەکەوێ ڕێک وەک چۆن ئێستا ئاخوندەکان لە دۆخێكی ئاوادان و بە تەواوی لە بەرچاوی خەڵک کەوتوون خەڵکی ئێران ئەوان بە هۆکاری سەرەکیی تەواوی کێشە و گرفتەکانی خۆیان و دۆخی نالەباری وڵات دەزانن.
ئەو ڕۆژنامەیە کە سەر بە کۆماری ئیسلامییە دەڵێ:” کە چەند کەس لە کەسانی پلە بەرزی سپا بە شوێن ئەوەوەن کە ببن بە سەرۆککۆمار، بەڵام کەسێکی سپایی تەنانەت لە جلوبەرگێکی دیکەشدا هەر سپاییە و خەڵک هەر بەو ڕوانینەوە لێیان دەڕۆانن و ئاماژەی بەوەشکرد کە چەند ساڵە کێبەرکێیەکانی هەڵبژاردن لە ئێراندا بووە بە بێنرخترین و خراپترین دیمەن کە هیچ یاسا و ڕێسایەکی تێدا لە بەرچاو ناگیرێ و هوشداریدا بەو ئەندامانەی سپا کە دەیانهەوێ خۆیان بپاڵێون بۆ پۆستی سەرۆککۆماریی.
زۆربەی شرۆڤەکاران ڕایان ئەوەیە کە بە بەدەستەوە گرتنی سەرۆککۆماری سپاییەکان بە چرا سەوزی عەلی خامنەیی ڕێبەریی ڕێژیم، دەسەڵاتی وڵات و تەواوی ئۆرگانەکان دەکەوێتە دەستی سپای پاسداران و لە سەر ئەو بڕوایەن کە ململانێی ئێستای سپای پاسدارن بۆ گەیشتن بە دەسەڵاتی تەواو لە بەرژەوەندی خامنەییدایە بۆ ڕێککەوتن و گەڕانەوە بۆ بەرجام.
ئەوە لە کاتێکدایە کە خەڵکی ئێران بە باشی دەزانن کە کار بەدەستان و بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە هەموویان وەک یەک وان و بە باشی ناسنامەی سپای پاسداران و دەست و پەیوەندییەکانیان بۆ ڕوون بووەتەوە و بە گشتیی ئەو ڕێژیمەیان ناوێ و ئاخوندەکان و دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی خۆیشیان بەو ئاکامە گەیشتوون.