ئەفشین سۆهرابزادە، زیندانی سیاسیی کوردی تووشبوو بە شێرپەنجەی ڕیخۆڵە کە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکەی سێ مانگ دەبوو گواسترابۆوە شاری تاران، بێ ئەوەی هیچ چارهسهرێک وەربگرێ، لە هەلومەرجێکی نالەباردا گەرێندرایهوە زیندانی میناب.
بە پێی راپۆرتی رێکخراوی داکۆکی له مافی مرۆڤی کوردستان، ئەفشین سۆهرابزادە؛ یەکێک لە زیندانییە سیاسییەکانی کورد که نهخۆشیی شێرپەنجەی ڕیخۆڵەی گرتوه، بههۆی خوێنبەربوونی ههناوی لە لێواری مردنە. ناوبراو سێ مانگ لەوە پێشیش بۆ جاری دووههم بۆ چارەسەری نێردرابووە تارانو گواسترابۆوە بەندیخانەی ئەوین.
مریهم باباسەفەری، دایکی ئەو زیندانییە سیاسییە لهو بارهیهوه گوتی: ڕۆژی سێشەمە ٢٩ بەفرانبار پاش سێ مانگ دیسان سەرلەنوێ کوڕەکەمیان گواستووەتەوە میناب تا بەکوشتنی بدەن.
ئهو وێڕای ههڕهشه سەبارەت بە مردنی کوڕەکەی گوتی:بەرپرسیارەتی گیانی ئەفشینی کوڕم لە ئەستۆی عهلی خامنەییو تەواوی ئەو کەسانەیە کە پێش بە ئیزندانو چارەسەری نهخۆشییهکهی دەگرن.
دایکی ئەو زیندانییە هەروەها گوتی ئەوە سێ ساڵە بۆ ئەوەی ئیزنی هاتنە دەرێو چارەسەری بە کورەکەم بدەن هەموو رۆژێ ئێمە لە دادستانی کامیارانەوە دەنێرنە سنەو لەوێڕا بۆ مینابو، دوایە دیسان دەماننێرنەوە کامیاران . بەردەوامی ئەو بارودۆخەش لە راستیدا مردنی بە شێنەیی کوڕەکەمی لێدەکەوێتەوە.
دایلی ئهفشین داوای لە تەواوی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤو داکۆکی له زیندانییە سیاسییەکان کردوه بۆ رزگاری کوڕەکەی تێبکۆشنو شتێک بکهنو، پێش بەو مردنە لەسەرخۆیە بگرن.
لەلایەکی دیکەوە پزیشکی کۆمیسیۆنی پزیشکیی زیندانەکانی پارێزگای هورموزگان پێشتر لە رەوتی چارەسەری ئەو زیندانییەدا، نامەیەکی بۆ بەرپرسانی بەندیخانەو دادستانی شاری میناب نووسیوەو بارودۆخی ناوبراوی بەمەترسیدار راگەیاندبوو؛ بهڵام ئەو کات دادگوستەری پارێزگای سنە دژایەتیی خۆی لهگهڵ ڕاگواستنی ئەم زیندانییە دهربڕیبوو.
ئەفشینی سۆهرابزادە ،خەڵکی کرماشان لە رێکەوتی ١٨ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٨٩ لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری کامیارانەوە دەستبەسەر کراو لە لقی دووی دادگای شۆڕشی سنەوە بە تۆمهتی موحارەبە له ڕێگهی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی نەیاری حکوومەت سزای ٢٥ ساڵ زیندانو دوورخرانەوەی بۆ زیندانی مینابی بەسەردا سەپا.
ناوبراو له سەرەتای رەشەمەی ساڵی ١٣٩٠ لە زیندانی ناوەندیی سنەڕا بۆ زیندانی میناب دور خرایهوه.