ڕووحانی : باڵ و ڕەوتە نێوخۆییەکان بە بەربەست سازکردن لەبەردەم گەڕانەوەی ڕێککەوتنی بەرجام تۆمەتباردەکا.
حەسەن ڕووحانی، بەجەختکردنەوە لەسەر ئەوەیکە وەدرەنگ خستنی لابردنی گەمارۆکان خەیانەتێکی گەورەیە وتی: دژبەرە نێوخۆییەکان بەربەست سازدەکەن لەهەمبەر گەڕانەوەی ئێمە بۆ ڕێککەوتنی ناوکیی.
حەسەن ڕووحانی سەرۆککۆماری ئێران، ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ی ڕەشەمەی٩٩ی هەتاوی، لە کۆتا کۆبوونەوەی هەیئەتی دەوڵەت لە ساڵی ٩٩ی هەتاویدا وتی: هەر باڵ و ڕەوت و گرووپێک کە بەهەر هۆکارێک لابردنی گەمارۆکان لەسەر ئێران بۆ تەنیا کاتژمێرێک وەدرەنگ بخا ، خەیانەتێکی گەورەی لە خەڵکی ئێران کردووە و ئەو خەیانەتە گەورەیە بە نێو چاوانی ئەو ڕەوت و باڵە لە مێژووی ئێراندا دەمێنێتەوە.
ڕووحانی بەجەختکردنەوە لەسەر ئەوەیکە لەئێستادا بارودۆخەکە بۆ لابردنی گەمارۆکان لەسەر ئێران زۆر گونجاوە وتی: ئەمریکا ئامادەیە بگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنی بەرجام و دەبێ باڵەکانی دیکەی نێوخۆ بەربەست لەبەردەم گەڕانەوەی ئێمە بۆ ڕێککەوتنی ناوکیی لەگەڵ ئەمریکادا دروست نەکەن.
ڕووحانی پێشتریش دژبەرانی خۆی بەوە تۆمەتبار کردبوو کە دەیانهەوێت تا دوای هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری نوێ لە ئێراندا بەربەست لەبەردەم وتووێژ و ڕێککەوتنی ناوکیی دروست بکەن.