فەرماندەیەک و ئەندامێکی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە سووریە بەهۆی تەقینەوەی مین کوژران.
سەرچاوەکانی چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە ڕایانگەیاند کە فەرماندەیەک و ئەندامێکی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە سووریە بەهۆی تەقینەوەی “مین” لە سەحرای ئەلمەیادین لە دێرەزوور کە ناوچەی چالاکیی داعشە کوژران. هەروەها بەپێی ئەو هەواڵە فڕۆکە شەڕکەرەکانی ڕووسیە سەر لە بەیانی ڕۆژی سێشەممەوە بە خەستی ناوچە شاخاوییەکانی ئەلبەشرا و ئەشکەوتەکانی نێوان پارێزگاکانی دەیرەلزوور و ڕەقەیان کردە ئامانج کە شوێنی مانەوەی ئەندامانی داعشن. هێزەکانی روووسیە ڕۆژی دووشەممەش ٨٠ هێرشیی موشەکییان کردبووە سەر شوێنی مانەوەی داعش لە ئاسرایا و ئەلرەهجان کە ببوو بەهۆی کوژرانی ١٣ کەس لە میلیشیا چەکدارەکانی داعش و خاپوور کردنی بەشێک لەو ئەشکەوتانەی کە تێیدا نیشتەجێ بوون.












