یاسادانەرانی کۆماریخواز لە مەجلیسی سێنا و مەجلیسی نوێنەرانی ئەمریکا هەشت گەڵاڵەیان بە مەبستی پێشگرتن لە گەڕانەوەی جۆ بایدێن بۆ بەرجام پێشکەشی کۆنگرەی ئەمریکا کرد.
هەواڵدەریی ” جویش ئینسایدێر” ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی ڕەشەمە، نووسی: لە بەشێک لەو گەڵاڵانە نوێنەرانی کۆنگرەی ئەمریکا بە گشتیی دژ بە گەڕانەوە بۆ بەرجامن و بەشێکی دیکەش خوازیاری بابەتی پێشگرتنی یەکجارەکی ڕێگای چوونەوەی بایدێن بۆ ڕێککەوتنی بەرجام لەگەڵ ئێرانن، لەنێو ئەو هەشت گەڵاڵە نوێیە، گەڵاڵەی سێناتۆری کۆماریخواز، “بیل هاگرێتی” کە لەودا خوازیاری چاوەدێری کۆنگرە بەسەر کەمکردنەوەکانی گەمارۆکانی دژ بە ئێرانە کە ٢٧ سێناتۆری دیکەش پشتیوانییان لێکردووە.
مایکل مەککۆل لە نوێنەرانی کۆماریخواز لایەنگری گەڵاڵەی “هاگرێتی” بە هەواڵنێرانی وت:” ئامانج لە پێشنیار کردنی ئەو گەڵاڵەیە ئەوەیە کە خەڵکی ئەمریکاش بتوانن سەبارەت بە کەمکردنەوەی گەمارۆکان لەسەر ڕێژیمی ئێران دەنگ بدەن و ڕای خۆیان دەربڕن و ئەوەشی زیاد کرد کە نامانهەوێ دیسان بکەوینە پیلانگێڕی و باجوەرگرتنی تاران و گەمارۆکان لە بەرابەر شتێکی بچووکدا هەڵوەشێنینەوە.
لەلایەکی دیکەوە “ئەندیبار” نوێنەری کۆماریخواز کە گەڵاڵەی پێوەندیدار بە ناچارکردنی دەوڵەتی بایدێن بە ڕازی کردنی سێنا لەگەڵ هەر چەشنەر ڕێککەوتنێکی جێگرەوە لەگەڵ ئێران پێشکەش کردووە، وتی: ئەگەر دەوڵەتی بایدێن بیهەوێ ئاسایشی نیشتیمانیی ئیسرائیل کە یەکێک لە گەورەترین هاوپەیمانانی ئێمەیە بخاتەمەترسییەوە لە پێشدا دەبێ ئەو بڕیارە لە کۆنگرە تێپەر ببێ.
گەڵالەیەکی دیکە کە لەلایەن سێناتۆر “تام کاتن” درا بە کۆنگرە و دژی هەر چەشنە کەمکردنەوەی گەمارۆکان دژی ڕێژیمی ئێرانە تا ئەو کاتەی دەگەن بە ڕێککەوتنێکی گشتگیر، کە ٣١ سێناتۆر تاکوو ئێستا واژۆیان کردووە و یەکێکی دیکە لە گەڵاڵەکان پیوەندیدارە بە دوو قات زیادکردنی گەمارۆکان دژی ڕێبەرانی ئێران و تێیدا خوازیاری ئێرانێکی دێموکراتیک و سکۆلار و بێ چەکی ناوکیی بوونە.