فائیزە هاشمی، چالاکی سیاسیی ڕێفۆرمخواز: ڕێفۆرمخوازان پاش ناڕەزایەتییە گشتییەکانی بەفرانباری ٩٦ی هەتاوی، خەڵکیان بە ئاژاوەچی ناوبرد
ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی ڕەشەمەی ٩٩ی هەتاوی، فائیزە هاشمی ڕەفسەنجانی، چالاکی سیاسی و نوێنەری پێشووی مەجلیس لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “شەرق” ڕەخنەی لە ڕێفۆرمخوازان گرت و وتی:” لە مانگی بەفرانباری ساڵی ٩٦هەڵوێستەکانی ڕیفۆرمخوازان گۆڕا و هەڵوێستێکی سەیریان هەبوو و خەڵکی ناڕازییان بە ئاژاوەچی و تێکدەر ناوبرد و ئەو ڕەوتە تا ئێستاش هەر بەردەوامە.
ناوبراو لە وڵامی ئەو پرسیارەدا کە ڕێفۆرمخوازان دوور کەوتوونەوە لە چاکسازیی ئاماژەی بەوە کرد کە تەنانەت حیزب و ڕەوتە سیاسییەکان ئامانجیان مانەوەی خۆیان و پاراستنی ڕێژیمە و ئەوەشی زیاد کرد کە خەڵک ساڵانێکە لە بناژۆخوازەکان دوور کەوتوونەوە و لە ڕێفۆرمخوازەکانیش هەر بەو شێوەیە و ماهییەتی ئەو ڕێژمەیان بۆ دەر کەوتووە و خەڵک لە هەڵبژاردنەکاندا ئیدی بۆیان گرینگ نییە ڕێفۆرمخوازەکان سەرکەون یان نا، چونکە ئەو ڕەوتەی کە هەیە دیسانیش هەر بەردەوام دەبێ و خەڵکی ئێران لەو ساڵانەدا لە مەجلیسی شۆرای ئیسلامی و شۆرای شار و شوێنە جیا جیاکانی حکومەتدا بۆیان دەرکەوتووە کە هیچ کردەوەیەکی جیاواز بۆ پشتیوانی کردن لە مافەکانی خەڵک لە نێوان ڕێفۆرمخوازان و بناژۆخوازەکاندا نەبینراوە و ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەیکە خەڵک نەچنە سەر سندووقەکانی دەنگ دان.
فائیزە هاشمی لە کۆتایی قسەکانیدا شێوەی ئیدارەکردنی ڕێفۆرمخوازەکانی لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا بە نادێموکراتیک زانی و وتی:” کاتێک ڕێگاکە دروست نەبێ ڕێفۆرمخواز و بناژوخواز هیچ جیاوازێکیان نییە”.