هاوکات لەگەڵ دەستپێکی دەیەمین ساڵوگەڕی ناڕەزایەتییەکان لە سووریە، ڕۆژی دووشەممە هەزاران کەس لە شاری ئێدلب، وەک دژبەرانی ڕێژیمی بەشار ئەسەد خۆپیشاندانێکیان بەڕێوەبرد.
ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی ڕەشەمەی ٩٩ی هەتاوی، لە خۆپیشاندانێکی هەزاران کەسی بەدژی ڕێژیمی بەشار ئەسەد، لە سووریە، یەکێک لە خۆپیشاندەران بە هەواڵدەریی فەرانسەی ڕاگەیاند کە ئێمە هاتووین تاوەکوو هاوشێوەی ساڵی ٢٠١١ی زایینی بەلێنی خۆمان بۆ ڕووخاندنی ڕێژیمی بەشار ئەسەد دووپات بکەینەوە.
ئەو خۆپیشاندەرە جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئێمە درێژە بە شۆڕشی خۆمان بۆ ڕووخان و لەنێوبردنی ڕێژیمی بەشار ئەسەد دەدەین تەنانەت ئەگەر ٥٠ ساڵیش بخایێنێ.
دروشمەکانی ئەم خۆپێشاندەرانە هەمان دروشمەکانی ساڵی ٢٠١١ی زایینییە کە دەیانگوت ئازادی، ئازادی، سووریە ئازادی دەوێ، دیکتاتۆر بڕۆ، خەڵک ڕووخانی ڕێژیمی دەوێ و هەروەها وێنەی ئەو قوربانیانەی کە لە ناڕەزایەتییەکانی دژی حکومەتی بەشار ئەسەد کوژرابوون لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە وەکوو هێمای بەرەنگاری لەگەڵ دیکتاتۆر لە خۆپێشاندانەکەدا پێشاندرا.
هەرلەم پێوەندییەدا چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە، ڕایگەیاند کە لەماوەی ئەم شەڕە ١٠ ساڵەیەدا زیاتر لە ٣٨٨ هەزار کەس کوژراون و بەپێی دوایین ئامارەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەهۆی شەڕی سووریەوە زیاتر لە ١٢میلیۆن کەس لە خەڵکی سووریە ئاوارەبوون.
پێویستە بگوترێ، ڕووسیە، کۆماری ئیسلامیی ئێران و حیزبوڵای لوبنان، لەو ساڵانەدا بە ناردنی هێزی سەربازیی بۆ سووریە سەرەکیترین پشتیوانەکانی ڕێژیمی بەشار ئەسەد بوون و بە سەدان کەس لە فەرماندە و هێزەکانی ڕێژیمی ئێران، لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەرتەشی ئیسرائیل بۆ سەر بنکەوبارەگاکانی ئەو ڕێژیمە لە سووریە کوژراون.