بریتانیا لە دەیەمین ساڵوەگەڕی شۆڕشی خەڵکی ناڕازیی سووریە، بەدژی ڕێژیمی بەشار ئەسەد، گەمارۆگەلێکی نوێی بەسەر ٦ کەس لە بەرپرسانی باڵای ئەو ڕێژیمەدا سەپاند.
وەزارەتی دەرەوەی بریتانیا ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی ڕەشەمەی ٩٩ی هەتاوی، گەمارۆگەلێکی نوێی بەسەر فەیسەڵ ئەلمقداد، وەزیری دەرەوەی سووریە، لۆنا ئەلشبێل، ڕاوێژکاری سەرۆککۆمار و یەسار ئیبراهیم، جێگری سەرۆککۆمار لە کاروباری ئابووری و هەروەها چەندین بازرگان و فەرماندەی گاردی سەرۆککۆماری ڕێژیمی “بەشار ئەسەد”دا سەپاند.
دۆمێنیک ڕاب، وەزیری دەرەوەی بریتانیا لە بەیاننامەیەکدا لەسەر ئەو گەمارۆ نوێیانە وتی: ڕێژیمی بەشار ئەسەد ١٠ ساڵە خەڵکی وەزاڵەهاتوو و هەژاری سووریە، کە داوای ماف و ئازادییەکانی خۆیان دەکەن دەکوژێ و سەرکوتیان دەکا.
ناوبراو هەروەها جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە هەمووی ئەوکەسانەی کە گەمارۆیان خراوەتەسەر یان بەشێکن لەو ڕێژیمە گەندەڵە و یان پشتیوانی سەرەکیی ڕێژیمی بەشار ئەسەدن بۆ سەرکوت و کوشتنی خەڵکی ناڕازی، هەر بۆیە بریتانیا گەمارۆی بەسەر ئەو کەسانەدا سەپاندووە.