عەلی موتەهەری نوێنەری پێشووی مەجلیسی ئێران دەڵێ دەبوایە پاش ناڕەزایەتییەکانی مانگی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاوی، “حەسەن ڕووحانی ” لە سەر کار لابچوایە.
ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی رەشەمەی ٩٩ی هەتاوی، “عەلی موتەهەری” نوێنەری پێشووی مەجلیسی ڕێژیم، لە وتووێژ لەگەڵ ڕۆژنامەی خۆراساندا وتی:” بە پستبەستن بە ئاماری ناوەندی ئامارەکانی ڕێژیم کە کوشتنی٢٣٠ کەس لە خۆپێشاندانەکانی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاوی لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە ناپەسەندە و سەرکوتکردنی خەڵکی ناڕازی لەو ئاستەدا بوو کە دەبوایە حەسەن ڕووحانی سەرۆککۆماری ئێران لە سەر کار لابدرێ و ئیزنی لێپرسینەوە و ڕوونکردنەوەی “عەبدولرەزا ڕەحمانی فەزڵی” وەزیری نێو خۆ بە مەجلیس درابایە و هیچ پێویستی نەدەکرد لە ماوەی چەند ڕۆژدا ئەو هەموو کەسە بێ تاوانە بکوژرێن.
ناوبراو کوژرانی قاسم سولەیمانی فەرماندەی پێشووی قودسی سپای پاسدارانی وەک یەکێک لە بەرهەمەکانی خۆپێشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەر دانا و وتی:” کە ئەمریکا هەستی بەوە کردبوو کە ڕێژیمی ئێران جێگە و پێگەی خۆی لە نێو خەڵکدا لە دەستداوە”.
کاربەدەستان و بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە خۆشیان بە باشی دەزانن کە خەڵکیان لەگەڵ نەماوە و خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران لە هیچ شتێک سڵ ناکەن و تەمەنی ڕێژیمەکەیان زۆری نەماوە.