بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێو نەتەوەیی وزەی ناوکیی: لە هەوڵی پشکنینیی بەربڵاوترین دامەزراوە ناوکییەکانی ئێرانداین و پیتاندنی ئۆرانیۆمی ڕێژیمی ئێران لە کەڵکوەرگرتنی سەربازیی نزیک دەبێتەوە.
ڕافایل گرووسی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێو نەتەوەیی ناوکیی، لە وتووێژ لەگەڵ ڕۆژنامەی”ئاسیا نیککی” وتی:” بەرزبوونەوەی ڕێژەی پیتاندنی ئۆرانیوم لە ئێران، ئەو وڵاتە بەرەو ئاراستەیەک دەبا کە ئەگەری کەڵکوەرگرتنی سەربازیی هەیە و ناکرێ ئێمە لەو بارەوە بێدەنگ بین.
ڕێژیمی ئێران لە سەرەتای ساڵی نوێی زایینیدا سەڕەڕای ڕاگرتنی پرۆتکۆڵی لکێنراو و پشکنینی خێرای بەرپرسانی ئاژانسی نێو نەتەوەیی دەیهەوێ پیتاندنی ئەورانیۆم بگەیەنێتە ڕێژەی سەتا ٢٠
گرووسی لەو بارەوە دەڵێ ئێران کەمتر لە ڕێژەی ٢٠ کیلۆگرەمی (ئۆرانیۆمی سەتا ٢٠ی) هەیە بەڵام ئەوان ٣٠٠٠ کیلۆگرەم ئۆرانیۆمی پیتێدراویان هەیە کە پێشتر لە ئاستی خوارتر بەرهەم هێندراوە و بەو پێیە بەرەو هەڵکشان دەچێ و ئاستی پیتاندنی سەتا ٢٠ ی ئۆرانیۆم دەبێتە هۆی ئەوەی کە زووتر دەستی بە چەکی ناوکیی ڕابگا.