ڕاوێژکارێکی خامنەیی کە خۆی یەکێک لە ئەندامانی پلەبەرزی سپای پاسدارانە بە ڕاشکاوی باس لە ئەگەری کوودتای سپای پاسداران لە ئێران بەسەر جومگەکانی دەسەڵاتدا دەکات.
بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکان حوسێن دێهقان ڕاوێژکاری باڵای خامنەیی کە پێشتر وەزیری بەرگریی ڕێژیم بووە لە چاوپێکەوتنێکی میدیاییدا بە ڕاشکاوی باس لە ئەگەری کوودتای سەربازیی سپای پاسداران بەسەر جومگەکانی دەسەڵاتدا دەکا و دەڵێ: لە کاتێکدا کە ڕووحانی و سەرۆککۆمارەکانی پێشووتریش نەیانتوانیوە نە کێشەی سیاسی و نە کێشەی ئابووری و کۆمەڵایەتیی خەڵکی ئێران چارەسەر کەن بەڵکوو زیاتر بەرەو داڕمانیان بردووە لەوانەیە پێویست بەوە بکات کە سپای پاسداران کوودتایەک بکا و دەسەڵات بگرێتە دەست.
وتەکانی ناوبراو بە دیاریکراوی ڕوو لە دەسەڵاتی سەرۆککۆمارییە و پێدەچێ لەسەر ئیزنی خامنەیی ئەم لێدوانەی دابێ و وەکوو هۆشدارێک بێ بۆ ڕووحانی و ئەو کەسانەی کە دیانهەوێ لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئێراندا خۆیان بەربژێر بکەن.
دێهقان لە حاڵێکدا باسی دەسەڵات و کوودتای سپای پاسداران لە ئێراندا دەکا کە هەموو جومگەکانی دەسەڵات لە دەستی ئەو ڕێکخراوە تێرۆریستییەدایە و خامنەیی وەکوو دیکتاتۆرێکی پاوانخواز، وەکوو هێزێکی سەرکوت و ماشینی کوشتار لەو ڕێکخراوەیە کەڵک وەردەگرێ.